شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەدوای چارەسەری کێشەی مووچەی مانگی تەممووزەوەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە کێشەی لیستی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکۆڵنەوە.
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبێ لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق پێکبهێندرێت تاوەکو لە کێشەکانی لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان بکۆڵنەوە. چوونی شاندەکەی وەزارەتی داراییش بۆ ئەو مەبەستەیە.
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "دروستکردنی لیژنەکە هەنگاوێکی زۆر گرنگە، چونکە دەبینین زۆر جار نەوەک هاوئاهەنگی نییە، بەڵکو لێدوانی دژیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەدرێت... بوونی ئەم لیژنەیەش وادەکات کە پێکەوە دانوستانیان بەردەوام بێت و گرفتەکان روونتر بێت و چارەسەرکردنەکەیشی ئاسانتر دەبێت."
37 رۆژە لیستی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، کێشەی تێدایە و ئامادە نییە خەرجی بکات.
سوهام موسەوی، پەرلەمانتاری کوتلەی هاوپەیمانیی بەدر رایگەیاند، "بۆ ئەوەی لەم کێشەیە رزگارت بێت، رزگارت بێت لەوەی هەموو مانگێک مووچەی فەرمانبەران ناگات، با بەجێکردن بکەن بۆ ئەوەی مووچەکەی خۆی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی ناوەندی دابەزێت. ئەوکات ئەو ئاسودەیە و تۆش."
جگە لە کێشەی مووچەی مانگی تەممووز، بۆ مانگی هەشتیش وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 550 ملیار دیناری داوە، لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی مووچە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هێشتا داتا و بنەمایەکی ورد و یەکگرتوویان لەبەردەستدا نییە. بۆ ئەوەی مانگانە مووچە بەبێ کێشە بگاتە دەستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج لە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەوەیە ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت و مانگانە دووبارەنەبێتەوە.