بانکی ناوەندیی عێراق تەنیا 6 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بە نەختینە فرۆشت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق دووەم کەمترین بڕی دۆلاری کاشی لەماوەی ئەم مانگەدا خستە بازاڕەوە کە 6 ملیۆن دۆلار و 600 هەزار دۆلارە.
بە گوێرەی خشتەی رۆژانەی فرۆشی دۆلار کە بانکی ناوەندیی عێراق دەیخاتە بازاڕەوە، رۆژی سیشەممە، 27ـی ئابی 2024، لەکۆی 282 ملیۆن و 790 هەزار دۆلاری فرۆشراو تەنیا 6 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری بە نەختینە خستووەتە بازاڕەوە و ئەوی دیکەی لە رێگەی حەواڵەی دەرەکییەوە فرۆشتووە.
ئەو بڕەی ئەمڕۆ، لە ماوەی 13 رۆژی رابردوودا کەمترین و لەسەرەتای ئەم مانگەوە دووەم کەمترین بڕی فرۆشی نەختینەیی دۆلار بووە.
رۆژی 14ـی ئابی 2024، بانکەکە 280 ملیۆن و 303 هەزار دۆلار فرۆشی دۆلاری هەبوو؛ لەو بڕە تەنیا 6 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری بە نەختینە بوو. ئەوەش کەمترین بڕی فرۆشی نەختینەی ئەم مانگەی دۆلار بوو.
فرۆشی کەمیی دۆلار لەلایەن بانکەکەوە بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دانەبەزاند.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 27ـی ئاب، لە کاتی داخستندا لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 148 هەزار و 800 دینار بوو، ئەوە لە کاتێکدایە لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 149 هەزار و 100 دینار بوو.
لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێریش 100 دۆلار لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بە 149 هەزار و 50 دینار و لە کاتی داخستنیشدا بە 148 هەزار و 800 دینار بوو.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، "ماوەیەکە خواست لەسەر کڕینی دۆلار وەک چەند مانگی پێشوو نەماوە. سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی بڕی کەمتری دۆلاری بە کاش فرۆشت، بەڵام بەهای دینار بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە بانکی ناوەندی ئاسانکاریی زیاتر بۆ حەواڵە بۆ بانک و کۆمپانیاکان دەکات. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە هەست دەکرێت دینار لە بازاڕەکانی عێراق کەمبووەتەوە".
بانکی ناوەندیی عێراق دوێنێ دووشەممە 275 ملیۆن و 296 هەزار دۆلاری فرۆشت؛ 10 ملیۆن و 50 هەزار دۆلاری بە نەختینە بوو، واتە ئەو بڕەی ئەمڕۆ فرۆشتوویەتی 35% کەمترە لەو بڕە دۆلارە کاشەی دوێنێ فرۆشتوویەتی.