حکومەتی عێراق 550 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد

دوێنێ کاژێر 11:10
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "وەزارەتی دارایی عێراق 550 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی هەشت خەرج کرد."
 
هەر بەپێی سەرچاوەکەی رووداو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیستی مووچەی "مانگی حەوت کێشەی تێدایە و تاوەکو ئەم ساتە چارەسەر نەکراوە. رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و ئەو بابەتە یەکلایی دەکەنەوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، 21ـی تەمموزی 2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد و، لە 18ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە سێ نووسراوی فەرمی، مووچەی سێ دامەزراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەیشتووە.
 
ئەو دامەزراوانەی حکومەت کە مووچەکەیان لە 18ـی مانگەوە خەرج کراوە، پێکدێن لە دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دوێنێ بە رووداوی گوتبوو، "ئەمڕۆ (دووشەممە، 26-8-2024) وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری تەمویلی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە."
 
ئەوە واتە بڕیار لە ناردنی پارەکە دراوە، بەڵام هێشتا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە هەولێر. ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە بگات چاوەڕێ دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دابەشی بکات.
 
هەر دوێنێ سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی 34 ملیار و 657 ملیۆن و 489 هەزار و 988 دینار بۆ مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە