نرخی زێڕ بۆ 2507 دۆلار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا نەیهێشت نرخی زێڕ بەردەوامی بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی دووشەممەی خۆی بدات. 
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی دووشەممە تاوەکو 2527 دۆلاریش بەرزبووەوە، بەڵام رۆژی سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، هەموو قازانجەکانی رۆژی رابردووی خۆی لە دەستدا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2507 دۆلار دابەزی. 
 
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، رێگرە بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ و بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی دەکات.
 
نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ 2543 دۆلار دابەزی.
 
ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا یەکلایی بووەتەوە، بەڵام رێژەی کەمکردنەوەکە ماوەتەوە کە ئەویش پەیوەستە بە داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا."
 
بەپێی راپرسییەکان، بەرێژەی 70٪ ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەرێژەی 0.25٪ لە ئارادایە و 30٪ چانسی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5٪ هەیە.
 
شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە دەڵێت: "بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەن دا لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت."