هێشتا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
هێشتا مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارێک دەڵێ: وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی داوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش باس لەوە دەکات، لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا پێداچوونەوە بە لیستی مووچە دا دەکات.
سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی روودای گوت، "تاوەکو ئێستا پارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە بانکەکەمان."
ئەوە لەکاتێکدایە سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رووداوی گوت، دووشەممە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری تەمویلی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە.
بەگوتەی سۆران عومەر "وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مانگە 53 ملیار دیناری لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕیوە، ئەوەش بەهۆی ئەو جیاوازییەی کە لە لیستی مووچەی مانگەکانی رابردوو هەبوو. وەزارەتی دارایی پێیوایە مانگەکانی رابردوو زیاتری ناردووە و ئەم مانگە ئەو جیاوازی و زیادەیەی مانگەکانی رابردووی بڕیوە".
سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەبارەی لیستی هێزە ئەمنییەکان و لیستەکانی دیکەش، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێیدا دەچنەوە، ئەگەر هەر تێبینی و کەموکوڕییەک هەبێ، چاک دەکرێتەوە. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ گرفتێک دروست نەبێ".
رۆژی دووشەممە، سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاریدا بڕی 34 ملیار و 657 ملیۆن و 489 هەزار و 988 دینار بۆ مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت."
ئەوە لەکاتێکدایە؛ لە رۆژی 18ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە سێ نووسراوی فەرمی، مووچەی سێ فەرمانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەیشتووە؛ کە بریتین لە دیوانی چاودێریی دارایی، مووچەی گرێبەستەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەربڕی.
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت "سوودانی رەزامەندی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی لیستی مووچە؛ هەروەها بڕیاریدا بە خەرجکردنی مووچەکانی مانگی 7 و 8ـی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان".
هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی دووشەممە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کرد و بڕیاریدا "ئەمڕۆ (دووشەممە) بڕیار بدات بە خەرجکردنی مووچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی 7 و هەفتەی داهاتووش مانگی 8 خەرج بکرێت."
شاخەوان عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات، لەبارەی ئەو گرفتانەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دروستیکردوون بە بڕینی مووچەی چەند چینێک لەبەر چەند هۆکارێک، "پێشنیازمان کرد، ئەوانەی دووجار ناویان هاتووە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێمی کوردستان و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی کاری فیدراڵی بکرێت بۆ ئەوەی مووچەیان ببڕێت، نەوەک بڕینی مووچەکانیان کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
لەبارەی ئەوانەش بایۆمەترییان نەکردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، "ئەوەی بایۆمەتری نەکردووە مانای ئەوە نییە، بوونی نییە و نابێت مووچەکانیان ببڕدرێت؛ هاوشێوەی ئەوانیش لە حکومەتی فیدراڵیش هەیە و بایۆمەتریان نەکردووە".
بۆ ئەو مەبەستە شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیازی کرد "گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کە دەبێت ئەو پڕۆسە لە ماوەی ئەوەندە مانگە تەواو بکرێت، بەپێچەوانەوە مووچەکانیان ببڕن، نەک ئەوەی لە ئێستاوە ببڕێت"؛ دەشڵێ، "باسمان لەوەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پرۆسەیە زۆر خێرایە و لەسەرەتای ساڵەوە لە کۆی 600 هەزار فەرمانبەر کە مابوون و بایۆمەتریان نەکردبوو، ئێستا تەنیا 100 هەزار ماوە و پرۆسەکەش بەردەوامە".
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتووە "هەردوو پێشنیازم لا پەسندە و کاری لەسەر دەکەین."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە قسەکانیدا دەشڵێت: "دڵنیابن هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە دەیخەینەگەر بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە میزاجی شەخسی وەزیرێک یان کەسێک دەربکەین و بچێتە چوارچێوەی دامەزراوەیی فەرمی هەردوو حکومەت و یاسا بەرکارەکان" .
رۆژی 21ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد.
رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەستپێکرد. دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابیش نزیکە لەوەی دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 7ـیان وەرنەگرتووە.