نەوتی برێنت بە نزیکەی 81 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

دوێنێ کاژێر 08:29
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا نرخی نەوت لە سێ رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەگەری تەشەنەکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پچڕانی نەوتی لیبیا، بەڕێژەی 7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی هێنا.
 
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ سێشەممە، 32 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 81 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 36 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالی نیوزلاندی، ANZ، لەو بارەیەوە رایانگەیاند: "ئەگەری بەردەامی شەڕ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕی نەوتدا."
 
ئەو شرۆڤەکارانە هەروەها ئاماژە بە پچڕانی نەوتی لیبیا دەدەن کە لە دوای قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی لەو وڵاتە روویداوە.
 
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لە لیبیا ئەگەری هەیە ببێتە هۆکار بۆ پچڕانی رۆژانەی 1.17 ملیۆن بەرمیل نەوت.
 
هێشتا دیار نییە کە ئێران چۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە و لەبەر ئەوەش بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردەوام نابێت.
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە