رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی دراوی ئەلیکترۆنی بەناوی (بیزکۆین) کە زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلاری ژمارەیەک هاونیشتمانیی سنووری سلێمانی تێدا بووە، ئێستا داخراوە و بەشداربووان دەڵێن، "باڵیۆزی کۆمپانیاکە دوو ساڵە دەستی دەستیمان پێدەکات و پارەکەمان نادەنەوە."
مستەفا رەشید، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر لە رێگەی هاونیشتمانییەکی دیکەوە چووەتە نێو بیزکۆین، نزیکەی دوو ساڵە پارەی خۆی و ئەو کەسانەشی کە لە رێگەی ئەوەوە بوونەتە هاوبەشی کۆمپانیا ئۆنڵاینەکە، فەوتاوە و تائێستا چاوەڕێن بۆیان بگەڕێننەوە.
مستەفا رەشید بە رووداوی گوت "کۆمپانیاکە لەلایەن دوو کەسی بە رەچەڵەک پاکستانیی دانیشتووی بەریتانیا دامەزاراوە و هاوبەشیکردن دەبێ لە رێگەی کەسێکی دیکەوە بێت و کارەکەی بەشێوەی هەرەمییە، منیش بۆ یەک ساڵ لە رێگەی هاونیشتمانییەکەوە بەناوی (هـ ، پ) بوومە هاوبەش و بایی نزیکەی 40 هەزار دۆلار کۆینم کڕی."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت "ئێمە رۆژانە کۆینمان دەکڕی و نرخی کۆینیش رۆژ بە رۆژ بەرز دەبووەوە، بۆیە هاوڕێ و خزمی خۆمانمان بانگدەکرد بۆ ئەوەی هاوبەشیی بکەن و سوودی بۆ خۆیان و ئێمەش هەبێت، بەڵام دوای ساڵێک، لەناکاو کۆمپانیاکە کارەکانی راگرت و هەموو هەژمارەکانمان سفر بووەوە."
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە رێگەی مستەفا رەشیدەوە بوونەتە هاوبەشی کۆمپانیاکە و کۆینیان کڕیوە و ئێستا داوای پارەکەیان لە مستەفا دەکەنەوە، مستەفا خۆی ئاماژە بەوە دەکات، "منیش لە رێگەی (هـ ، پ)، باڵیۆزی بیزکۆین لە کوردستان بەشداریم کرد، تەنیا گرووپەکەی ئێمە بە نیو ملیۆن دۆلار هاوبەشیکردووە."
مستەفا رەشید دەڵێت "رێککەوتووین کە دوای ساڵێک هەر کۆینێک بە یەک یۆرۆ وەربگرینەوە، بەڵام هیچ پابەندنین بە رێککەوتنەکان و هەرکاتێکیش بمانەوێ سکاڵا تۆماربکەین، بە ئومێدێک ساردمان دەکەنەوە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرفتی ئەو هاونیشتمانییانە، پەیوەستە بە بەشی ئابووریی ئاسایشەوە و ئەگەر سکاڵا تۆماربکەن، ئەوان رێکارەکان دەگرنەبەر.
لەبارەی چۆنێتیی بەدواداچوون و دەستگیرکردنی سکاڵالێکراوانیش باسی لەوەکرد، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەردەچێت و ناونیشانی تەواوی دەدرێتە پۆلیسی ئینتەرپووڵ، هەروەها گشتاندنی بۆ دەکرێت و هەموو زانیارییەکان لەسەری دەدرێتە فڕۆکەخانە، دەروازەی سنووری و بازگەکان بۆ ئەوەی دەستگیربکرێت."
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی تەواوی لەسەر پۆلیسی ئینتەرپوول هەیە، ئەگەر سکاڵا لەسەر هەرکەسێک تۆماربکرێت و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەربکات، لە هەر وڵاتێک بێت، پۆلیسی ئینتەرپوول دەستگیری دەکەن."
بیزکۆین، یەکێکە لە دراوە ئەلیکترۆنییە جیهانییەکان کە لە مانگی ئاداری 2020 لەلایەن کۆمپانیای بیزترەیدەوە کاراکرا، لە سەرەتادا نرخی تەنیا 20 سەنت بوو، بەڵام دواتر بۆ زیاتر لە 70 سەنت بەرزبووەوە.
جگە لە کڕینی کۆین کە بە یۆرۆ بووە، ئەندامەکان لە رێگەی هەرکەسێکەوە خۆیان لەو کۆمپانیایە تۆمارکردبێت، بەشێوەی هەرەمی قازانجیان کردووە، بەڵام نزیکەی دوو ساڵە ئەو کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان داخراوە و نیو ملیۆن دۆلاری ئەو هاونیشتمانییانەشی تێدا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ