ئەڵمانیا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەستبەرداری وزەی ئەتۆم دەبێت


رووداو - ئەڵمانیا

ئەڵمانیا بۆ کارەبا و ئامێری گەرمیی ماڵان پێویستی بە غازە، بەڵام لە ئێستادا کە رووسیا بەشێکی غازەکەی لە سەر ئەوروپا گرتووەتەوە، دەستخستنی ئەو غازە بە نرخێکی گونجاو بۆ ئەو وڵاتە کارێکی ئەستەمە و رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، بۆیە ئەڵمانیا بڕیاری داوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەستبەرداری وزەی ئەتۆم بێت.
 
ئەڵمانیا پێشتر ژمارەیەکی زۆر وێستگەی کارەبای ئەتۆمی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا سێ وێستگەی ماوەتەوە کە کار دەکەن، بە گوێرەی رێککەوتنی حکومەتی فیدراڵیی ئەو وڵاتە، پێویستە ئەو وێستگانەش تاوەکو کۆتایی 2022 دابخرێن.
 
ڤیبکە برێمس، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوز لە پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن گوتی: "وزەی ئەتۆمی وەکو تەکنەلۆجیایەکی پڕ مەترسی دەمێنێتەوە و نابێت مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسایی لێی بڕوانێت. بە بڕوای ئێمە مەترسییەکە گەورەیە و پرۆسەکە بەمشێوەیەیە. بەردەوامیدان تاوەکو کۆتایی ساڵ بەو مەرجە بوو کە تەنیا بۆ ئەم کاتە کاری تێدا بکرێت، ئەگەر نا دەبوو لە زووەوە پشکنینی بۆ بکرێت، ئەگەر ئەو ماوەیە درێژبکرێتەوە، واتە ئێمە ریسکێکی دیکە دەکەینەوە بە خوری."
 
پەرلەمانتارێکی پارتی سۆشیال دیموکرات لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن کە لە ئاستی هەرێمە 18 ملیۆنییەکەدا ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام بۆ ئەو بابەتە لەسەر پرسی ئەتۆم لەگەڵ پارتی سەوز هاوهەڵوێستە و دەڵێت، سۆسیال دیموکرات لە دژی درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەن "چونکە جارێک ئەو وێستگانە کارەبا بەرهەمدەهێنن، بەڵام ئێمە کەمبوونەوەی غازمان هەیە و گەرمیمان بۆ پیشەسازی پێویستە، ئەم وێستگانەش ناتوانن ئەوە بکەن."
 
پارتی سەوز لە پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن رەخنە لە حکومەت و بڕیاربەدەستانی ئەڵمانیش دەگرێت بەوەی کە وەکو پێویست کار بۆ پاککڕاگرتنی ژینگە ناکەن.
 
ڤیبکە برێمس، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوز لە پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن باسی لەوەش کرد کە "ئێمە کاتی خۆی زۆر باش بووین. لە سەرەتاکانی ساڵی 2000 ئێمە دەستمان بە ئینێرجی نوێ لە ئەڵمانیا کرد و لە هەموو جیهان دەنگیدایەوە، بەڵام دواتر لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە زۆر کەمیکرد. ئاستەنگ لە دوای ئاستەنگ دەهاتنە سەر رێگەی ئینێرجی نوێ، بۆیە بەشێوەیەکی باش کار بۆ فراوانکردنی نەکرا."
 
لە نێو پارت و کۆمەڵگەی ئەڵمانی، ئەو کەس و لایەنانەی کە پاڵپشتیی لە بەردەوامیدان بە وزەی ئەتومیی نوێ دەکەن، کەمن.