بوودجەی باشووری کوردستان چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە

رووداو - هەولێر

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بودجەی ساڵی 2014 لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکراوە، بودجەی باشووری کوردستان چەند جارێک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، دوایین ژمارەش نزیکەی 19 تریلیۆن دینارە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ بودجەی 2014 تەواوکردووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان، گوتەبێژی ئەو وەزارەتە دەڵێت هەر کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای بکات ئامادەین و خۆمان بۆ هەر گۆڕانکارییەکیش ئامادە کردووە.

بەشێکی بودجەی باشووری کوردستان بودجەی بەکارخستنە، بۆ ساڵی 2014 بڕی نزیکەی 5 تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، وەک بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان دەڵێن ئەگەر بێت و بودجە پەسەند بکرێت دەتوانین بەو بڕە پارەیە قەرزەکانی بەڵێندەران بدەینەوە و بەردەوامی بە پڕۆژەکان بدەین.

ئەندامێکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە ئەگەری زۆر هەیە ئەمساڵ بەبێ بودجە تێپەڕێنین ، ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە لەم حاڵەتەدا پێویستە پشت بە داهاتە نێوخۆییەکان ببەستین و ئەگەر بەشێوەیەکی رێکوپێکیش مامەڵە لەگەڵ ئەو داهاتەدا کرا، ئەوا دەتوانین بەو داهاتە لەرووی داراییەوە خۆمان بەڕێوەببەین.

بودجەی 2014 ی عێراق بە نزیکەی 174 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، بە بروای بەرپرسانی باشووری کوردستان ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت، ئەوا کەمتر لە 17% مان بۆ رەوانە دەکرێت، بودجەی سیادی و بودجەی حاکیمەش زۆرترین زیان لە بودجەی باشووری کوردستان دەدەن، چونکە دوای دەرکردنی ئەم بودجانە لە بودجەی گشتی عێراق ،ئەوکات سەدا 17ی بودجە بۆ باشووری کوردستان رەوانە دەکرێت.