رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئەوروپا بۆ نۆیەمین جار لەسەریەک سوودی بانکیی زیادکرد. سەرۆکی بانکەکە دەڵێت، ئاسۆ ئابوورییەکانیان خراپتر بووە و کشانەوەی رووسیاش لە رێککەوتنی دانەوێڵە کاریگەریی خراپی لەسەر هەڵاوسان و نرخەکان دەبێت.
بانکی ناوەندی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە، 27.7.2023 رایگەیاند، رێژەی سوودی بانکی 0.25٪ بەرزکردەوە، بەوەش کۆی رێژەکە لە ناوچەی یۆرۆ گەیشتە 4.25٪ کە بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 2001ـەوە.
لەدوای مانگی تەممووزی ساڵی رابردووەوە، ئەمە نۆیەمین جاری لەسەریەکە بانکی ناوەندیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکانیدا سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە.
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێشتا پێشبینی دەکەن "هەڵاوسان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بمێنێتەوە".
لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ بۆ 5.5٪ دابەزی، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرایناوە بۆ زیاتر لە 10٪ بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا ئەو رێژەیە دوورە لە ئامانجی بانکەکە کە 2٪ـە.
بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی یەکێتیی ئەوروپا دوای بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا هات کە دوێنێ بە هەمان رێژە سوودی بانکی بەرزکردەوە و گەیاندیە 5.50٪، ئەوەش بەهەمان شێوە بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 2001ـەوە.
لەدوای بڕیارەکە، کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەوروپا هۆشداریی دا لەوەی ئاسۆ ئابوورییەکان لە ناوچەی یۆرۆ بەرەو خراپتر چوون، ئەوەش بەهۆی "لاوازبوونی خواست و بەرزیی رێژەی هەڵاوسانەوە".
لاگارد گوتیشی، رەنگە بڕیاری رووسیا بۆ کشانەوە لە رێککەوتنی دانەوێڵە نرخەکان بەرزتر بکاتەوە و هەڵاوسان زیادبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ