رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار دینار دابەزی. ئەندامێکی سەندیکای زێڕینگرانیش دەڵێت، ئەگەر بەهای 100 دۆلار بگاتەوە 148 هەزار دینار، نرخی مسقاڵێک زێڕ "لانیکەم 13 هەزار دیناری دیکە دادەبەزێت".
رۆژی پێنجشەممە، 27.7.2023، لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی فرۆشتنی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوو:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=490,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=450,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=430,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=370,000 دینار
لەکاتێکدا لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا نرخەکان بەم شێوەیە بوون:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=500,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=460,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=440,000 دینار
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=380,000 دینار
بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕ بوون لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. دانا وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و دابەزینی رێژەی بێکاری، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕن لە جیهاندا.
ئەمڕۆ وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا تاوەکو 22ـی مانگ، ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی داوای بیمەی بێکارییان کردووە حەوت هەزار کەس دابەزیوە و گەیشتووەتە 221 هەزار کەس، ئەوەش نزمترین ئاستە لە دوای مانگی شوباتی ئەمساڵ.
بەهۆی ئەو ئامارانەوە، تەنیا ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە جیهاندا 30 دۆلار دابەزیوە و ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 1942 دۆلار.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش دوای هەفتەیەک لە دابەزین، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
دانا وەرتی، لەبارەی نرخی زێڕ لە هەفتەی داهاتوو دەڵێت، ئەگەر بەهای 100 دۆلار بگاتەوە 148 هەزار دینار، نرخی مسقاڵێک زێڕ "لانیکەم 13 هەزار دیناری دیکە دادەبەزێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ