بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە

27-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی تورکیا چوار مانگە رێژەی سوودی بانکی دەستکاری نەکردووە و 50٪ی بە جێگیری هێشتەوە. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتی فاتح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ جاری چوارەم بڕیاریدا بە دەستکاری نەکردنی سوودی بانکی و لە رێژەی 50٪ بە جێگیری هێشتیەوە. ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندیی تورکیا لە کاتێکدایە رۆژی (23ـی ئایاری 2024) پێداگری لە دەستکاری نەکردنی سوودی بانکی کرد بە جێگری هێشتییەوە. 
 
بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی رۆژی (21ـی ئاداری 2024)ـدا، سوودی بانکی لە 45٪ بۆ 50٪ بەرزکردەوە. هەروەها دوای هەشت جار بەرزکردنەوەی لەسەر یەک، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بۆ یەکەمجار سوودی بانکی لە 45٪ـدا جێگیر کرا.
 
بازاڕەکانی ناوخۆ ئەمڕۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری بانکەکە بوو و چاوەڕوانییەکانیان بۆ مانگی حوزەیران ئەوەبوو، رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری 2023 دەستی بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود کرد. پێش ئەو هەڵبژاردنە رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا 8.5٪ بوو. 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە