دەسەڵات درایە وەزارەتى کارەباى عێراق گرێبەست لەگەڵ کەرتى تایبەت بکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى کارەبا بۆ ئەوەى بۆ ماوەى سێ مانگ گرێبەست لەگەڵ کەرتى تایبەت بکات بۆ دەستخستنى کارەبا.  
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا وردەکاریى ئەو بڕیارانەى بڵاوکردەوە کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیراندا  دراون. 
 
باسم عەوادى گوتى: "لە چوارچێوەى چارەسەرەکانى حکومەت بۆ دۆسیەى کارەبا، رەزامەندى درا بۆ ئەوەى وەزارەتى کارەبا گرێبەست لەگەڵ کەرتى تایبەت بکات بۆ ئەوەى کارەباى زیاتر دابین بکرێت بەهۆى ئەو گوشارەى لەسەر کارەبایە لە وەرزى هاویندا. ئەو گرێبەستانە بە شێوازى تەیک ئاند پەى "بیبە و  پارە بدە" بۆ ماوەى سێ مانگ دەبێت کە مایەى درێژکردنەوەیە بە گوێرەى پێویستى تۆڕى کارەبا و دەسەڵاتى دارایی."
 
پێشتر وەزارەتى کارەباى عێراق ژمارەیەک لە گرێبەستەکانى بە پێچەوانەى ئەو شێوازە کردووە کە پەى ئاند تەیک ( پارە بدە پاشان [کارەبا] ببە) بووە، پارە دراوە بە هەندێک کۆمپانیا پێش ئەوەى کارەباکە دابین بکات.  
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیران ئەوە بووە کە کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان هەوڵاوێر بکرێت، بۆ ئەوەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى گواستنەوەى وزە واژۆ بکەن تاوەکو بەشێوەکى خێراتر وزە بگوێزرێتەوە بۆ وێستگەکانى کەرتى تایبەت لە پێناو دەستەبەرکردنى کارەبا بۆ تۆڕى نیشتمانى.
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کارەباى عێراق لە وەرزى گەرما عێراق پێویستى بەزیاتر لە 48 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە لە کاتێکدا کە 19 هەزار مێگاوات بەرهەم دەهێندرێت.
 
 باسم عەوادى راگەیاند: محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران فەرمانى بە وەزارەتەکان داوە کە ئەو یاداشتى لێکتێگەیشتنانە کارا بکەن کە لە سەردانى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق واژۆ کراون.
 
لەو سەدانەدا لە 22ى  نیسان، عێراق و تورکیا رێککەوتنێکى 10 ساڵییان لە بواری ئاودا واژۆ کرد، سێ لیژنەى هاوبەشی ئەمنى، ئابوورى و وزەیان پێکهێنا، سوودانى و ئەردۆغان سەرپەرشتى واژۆکردنى یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى چوار قۆڵى و 24 یاداشتى لێکتێگەیشتنی دوو قۆڵیان کرد.
 
ئەو کۆبوونەوەیە لە بڕى کۆبوونەوەى هەفتانە بوو کە هەموو رۆژانێکى سێشەممە دەکرێت، ئەم هەفتەیە بەهۆى ئەوەى هاوکات بوو لەگەڵ پشووى جەژنى غەدیرى شیعە، ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا. 
 
هەندێک لە بڕیارەکانى دیکەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تایبەت بوون بە پێکهاتەى ئاینى سابیئەى مەندائی و  بڕیاردرا موڵکداریی 10 شوێنى تایبەت بەو پێکهاتەیە بگوێزێتەوە بۆسەر دیوانى وەقفەکانى کریستیان، ئێزدى و سابیئەى مەندائى.
 
دوو لەو موڵکانە لە سنوورى پارێزگاى دیالە بوونە، یەکێکیان لە گۆڕستانێکە لە سنوورى قەزاى شارەبان، دوو شوێنى دیکە لە سنوورى کەرکووک-ن و موڵکەکانى دیکە لە بەسرە، زیقار، بەغدان.