دانەگاز: کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە
رووداو - هەولێر
کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هیچ زیانێکیان نەبووە و هیچ کەسیش لەو هێرشانەدا بریندار نەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بەشێوەیەکی ئاسایی لە کێڵگەکە بەردەوامە. بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە.
کۆمپانیای دانەگاز کە کاری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات رۆژی 27-6-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "دانە گاز رایدەگەیێنێت کە دوای رووداوەکەی رۆژی 22ی حوزەیران، دوو مووشەکی دیکە لە رۆژانی هەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتنەخوارەوە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو هێرشانەدا کەس بریندار نەبوو؛ هەروەها هێرشەکان هیچ زیانێکیشیان نەبوو. چالاکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە باری ئەمنی تووندوتۆڵتر دەکرێت".
کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت: "کۆمپانیاکە لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق پاڵپشتیی بەهێزیی خۆیان دەربڕیووە. وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەم هێرشانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش هێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان".
لە چەند رۆژی رابردوودا، زنجیرەیەک هێرش بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر ئەنجامدرا لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. لە دوای هێرشە مووشەکییەکان کە کۆمپانیای دانەگاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات، ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنیی هەرێمی کوردستان لە پێشمەرگە، ئاسایش، کۆماندۆ، دژەتیرۆ و پۆلیسی نەوت و گاز چوونەتە سنووری کێڵگەکە و ناوچەکە دەپارێزن.
لە ماوەی 72 کاژێردا سێجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دوای هێرشەکان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی پێشمەرگە و سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و بەرپرسە سەربازییەکان سەردانیان کرد، دڵنیاییان لە پاراستن و بەردەوامی لە بەرهەمهێنانی گازدا. ئێستاش هێزەکانی پێشمەرگە لە دووریی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر لە کێڵگەکەوە سەنگەریان لێداوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 450 ملیۆن پێ سێجا گاز و هەزار و 100 تۆن گازی ئێڵ پی جی و 16 هەزار بەرمیل کۆندێسەنی هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 22-6-2022، بۆ یەکەمجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی لەبارەی هێرشەکەوە ئەو کات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 16:45ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ کە کۆمپانیای دانەگاز کاری بەرهەمهێنانی گازی تێدا دەکات و مووشەک بە دیاریکراوی لە پەرژینی کۆمپانیاکە کەوتووەتە خوارەوە."
رۆژی هەینی، 24-06-2022، جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەمیش گوتی، مووشەکەکە لەو شوێنەوە ئاراستە کراوە کە یەکەمجار مووشەکی لێوە ئاراستە کرا. رۆژی شەممەش 25-6-2022 بۆ جاری سێیەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.