2.7 تریلیۆن دیناری پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بە مەرج خەرج دەکرێت

27-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پلادانانی عێراق رایدەگەیێنێت، بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان نیوەی ئەو ژمارەیە کە راگەیێندراوە؛ "ئەگەر هەناردکردنەوەی نەوتەکەی دەستپێنەکاتەوە دوو تریلیۆن و 700 ملیار دیناری بۆ خەرج ناکرێ."
 
رۆژی 27-05-2024، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بودجەی گشتیی 211 ترلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان 14٪یە.
 
خشتەی بودجەى 2024 رۆژی 21ى ئایار گەیشتە پەرلەمان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران. نزیکەی دوو هەفتە لە بەردەم پەرلەماندایە بۆ ئەوەى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2024 بکات و دەنگى لەسەر بدات، بەوپێیەى لە 9ى حوزەیران پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.
 
لەبارەی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێمەکان، هەندێک پەرلەمانتار لەوانەش مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی ئەوە دەگرن بەشی هەرێمی کوردستان زیاد و پارێزگاکانیش کەمکراوەتەوە. هینداوی گوتی: "4.8 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە 2 تریلیۆن و 700 ملیار دیناری تایبەتە بە گەڕەی مۆڵەتدانەکان بە نەوت، خەرجکردنی مەرجدارە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و رادەستکردنی داهاتی نەوتەکەی بە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی فیدراڵی."
 
هەروەها راشیگەیاند: "ئەوەی بۆ بەشی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؛ نزیکەی نیوەی ئەو ژمارە یاخود کەمترە لەو ژمارەیە کە دوو تریلیۆن و شتێکە بۆ بودجەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان".
 
رۆژی 27-05-2024، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "یەکێک لە تێبینییەکانم لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لەناو یاساکە ئەوەیە لەکۆی تەرخانکراوی بودجەی وەبەرهێنان بۆ عێراق کە زیاتر لە 55 تریلیۆن دینارە، بڕی 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە."
 
لە کاتێکدا لەو بڕە "دوو تریلیۆن و 700 ملیار دیناری تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و لە بنەڕەتدا خەرجی بەگەڕخستن و سیادییە. نابێت لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و خەرجی وەبەرهێنان هەژماربکرێت."  
 
دەشڵێت: ئەو ژمارەیە بووەتە هۆکاری گەورە دەرکەوتنی پشکی هەرێمی کوردستان و بووەتە مایەی گازندەی پارێزگاکانی دیکە.
 
لە 25-3-2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، هینداری دەڵێت: "راگرتنی هەناردەکردنی نەوت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بووە، ئێستا بەغدا و هەولێر هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی ئەم دۆسیە یەکلابێتەوە، کۆبوونەوەکانیش لە بەغدا و هەولێر بەردەوامن".
 
لە خشتەی بودجەکەدا خەرجیی ئەم ساڵ بە 211 تریلیۆن و 861 مليار و 312 مليۆن و 504 هەزار دينار دانراوە، لەکاتێکدا داهاتى پێشبینیکراو 147 تریلیۆن و 836 هەزار و 655 ملیۆن و 889 هەزار دینارە، بەوپێیە بڕى کورتهێنانى بودجە دەگاتە 64 تریلیۆن دینار و زیاتر لە 300 ملیار دینارى کەمترە لە ساڵى رابردوو.
 
زۆربەی پارێزگاکان گلەیی ئەوە دەکەن بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان کەمبووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق دەڵێ لە خشتەکانی بودجەی 2024دا 3.1 تریلیۆن دینار بۆ 15 پارێزگاکە تەرخانکراوە، رەنگە پارەکە کەمتربێ لەو بڕەی ساڵی رابردوو تەرخان کراوە.
 
بەڵام  وەک هینداوی باسی دەکات، "بودجەی تەرخانکراوی 2023 هەموو خەرج نەکراوە لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی هەرێمەکاندا، نزیکەی 6.9 تریلیۆن دیناری ساڵی رابردوو ماوە کە دەکرێت حکومەتە خۆجێییەکان سوودی لێوەربگرن. لە یاسای ئاسایشی خۆراک 5.8 تریلیۆن دینار ماوە هێشتا خەرج نەکراوە، ئەوەش پارێزگاکان دەتوانن بەکاری بهێنن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە "نزیکەی 13 تریلیۆن دیناری ساڵی رابردوو ماوەتەوە لەگەڵ 3.1 تریلیۆن دیناری تەرخانکراوی ئەم ساڵ بە کۆی گشتی دەکاتە نزیکەی 16 تریلیۆن دینار بەردەستە بۆ حکومەتە خۆجێیەکان بۆ ساڵی 2024." 
 
جگە لەمە، لە بودجەی عێراقدا پێنج سندووق هەن، وەک سندووقی ئاوەدانکردنەوەی زیقار، پشتیوانیی ناوچە زۆر هەژارەکان، پشتیوانیی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا. ئەمانە پارەی ساڵی رابردوویان ماوەتەوە و ئەم ساڵیش نزیکەی دوو تریلیۆن دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
 
گوتەبێژەکە هەروەها دەڵێ: "50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانە دەگەڕێنرێتەوە کە دەروازەیان هەیە. زۆربەری پارێزگاکانیش دەروازەی سنوورییان وشکانی یان ئاسمانی، یاخود دەریاییان هەیە".
 
لەبارەی بودجەی وەزارەتەکانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق گوتی: "38 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان لە وەزارەتەکان تەرخان کراوە. ئەمانە لە کۆتاییدا بۆ پرۆژەی پارێزگاکان خەرج دەکرێ. بەگشتیی 40 تریلیۆن بۆ وەبەرهێنان تەرخانکراوە".
 
ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بەردەوامە کە بڕیار لە کۆتایی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێ. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق گوتی: "رۆژی هەینی، 31ی ئەم مانگە سەرژمێری ئەزموونی دەستپێدەکات، 14 رۆژ بەردەوام دەبێ، هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
سەرژمێریی گشتی لە 20 مانگی 11 ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت، ئامادەکارییەکان بەردەوام و 400 ملیار دینار بۆ پرۆسە تەرخان کراوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە