بانکی ناوەندیی عێراق: سەرجەم بانك و كۆمپانیاكانی دراومان بە سیستمی مامەڵەی ئەلیکترۆنی بەستووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی لە بانکی ناوەندیی عێراق، هەنگاونان بەرەو مامەڵە و پارەداری ئەلیكترۆنی زۆر بە گرنگ دەزانێت و دەشڵێت، هیوادارن لە داهاتوودا پاڵپشتیی زیاتریان بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت، ''تەنانەت بتوانین سەرجەم حەواڵە و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەین.''
محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی لەبارەی مامەڵە و پارەداری ئەلیكترۆنی لەگەڵ زوحا عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری گشتی لە بانكی ناوەندیی عێراق کرد کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-04-2023، لە بووڵتەنی ئابووری پەخشکرا.
زوحا عەبدولكەریم پێیوایە، هەنگاونان بەرەو مامەڵە و پارەداری ئەلیكترۆنی زۆر گرنگە لەلایەن حكومەت و گوتی، ''بەهۆی ئەوەی شەفافیەت دەستەبەر دەكات و رۆتین كەم دەكاتەوە و داتاكان فراوانتر دەكات و كاری حكومەت ئاسانتر دەكات.''
بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بایەخێکی زۆر بە پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكان دراوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پارەدانی بەئەلیكترۆنی فەراهەم بكەن، كە بریتییە لە پێشكێشكردنی خزمەتگوزاری ئەلیكترۆنی بۆ هاووڵاتییان. دەشڵێت: ''ئێستاش گەشەكردنێكی فراوان هەیە لە بەرهەمهێنانی كارتە ئەلیكترۆنییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاریی لە رێگەی مۆبایلەكانەوە.''
زوحا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا نزیكەی 20 كۆمپانیا مۆڵەتیان پێدراوە بۆ سیستمی مامەڵەی ئەلیكترۆنی و سەرجەم ئەو بانكانە و كۆمپانیاكانی دراو لە هەرێمی کوردستانیش، لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە. گوتیشی، ''بانكی ناوەندیی لە هەولێر یارمەتیدەر بووە لە پرۆسەی حەواڵەكردنی رێكوپێكی پارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هەرێم بەهەمانشێوەی پارێزگاكانی دیكە.''
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زوحا عەبدولکەریم، بەرێوەبەری گشتی لە بانکی ناوەدنیی عێراق:
رووداو: بایەخی پێدانی پارەی ئەلیکترۆنی چییە و چۆن بتوانین سوودی لێ ببینین؟
زوحا عەبدولكەریم: سوپاستان دەكەم بۆ میوانداریكردنم، بەدڵنیاییەوە هەنگاونان و گۆڕین بەرەو مامەڵە و پارەداری ئەلیكترۆنی زۆر گرنگە لەلایەن حكومەت بەهۆی ئەوەی شەفافیەت دەستەبەر دەكات و رۆتین كەم دەكاتەوە و داتاكان فراوانتر دەكات و كاری حكومەت ئاسانتر دەكات. هەروەها لە هەوڵداین بانكەكانیشمان هەمان ئەرك بگرنەئەستۆ بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزاری بانكی و دامەزراوە داراییەكان بەرەوپێش بچێت لە ناوچەكەدا. بەدڵنیاییەوە ئامانجە گەورەكەش ئەو كڕیارەیە كە خزمەتەكەی پێدەگات بۆ ئەوەی بەئاسانی دەستی پێ بگات و بە ئاسانی خزمەتگوزارییە دارایی و بانكییەكان بەشێوەیەكی پارێزراو و دڵنیاكەرەوە و كارامە بە ئۆنلاین ئەپلیكەیشنەكان و ئامرازە پێشكەوتووەكان بەكاربهێنێت. سوپاس بۆ خوا، بانكی ناوەندیی عێراق، ژێرخانی پارەدان بەشێوەی بەش بەش تەواو كردووە، كە پشت بە ئاڵوگۆڕی هاوبەش دەبەستێت لەنێوان سەرجەم هاوبەشەكان. بایەخی زۆرمان بە مۆڵەتدان بەكۆمپانیاكان داوە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیكترۆنی فەراهەم بكەن، كە بریتییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ئەلیكترۆنی و فرەكردنی ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ هاووڵاتییان و ئێستاش گەشەكردنێكی فراوان هەیە لە بەرهەمهێنانی كارتە ئەلیكترۆنییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاریی لە رێگەی مۆبایلەكانەوە. هەروەها كاردەكەین بۆ خستنەڕووی رێنمایی نوێ بۆ دیجیتاڵ ئۆنبۆردینگ بۆ ئەوەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان ئاسانتر بكەین.
رووداو: بانکی ناوەندیی عێراق بە چ جۆرێک مامەڵە ئەلیکترۆنییەکانی رێکخستووە؟
زوحا عەبدولكەریم: بانكی ناوەندیی عێراقی هەموو جۆرە ئاسانكارییەكی كردووە بۆ مامەڵەكردنی دارایی بەهەموو دراوەكان جا دۆلار بێت یان دینار و زامنی ئەوەش دەكات مامەڵە بانكییەكان بەڕێكوپێكی و یاساییەوە بكرێت و بایەخ بەوە دەدەین لە مامەڵە داراییەكاندا پشت بە بەهای فەرمیی گۆڕینی دراوەكان ببەستین.
رووداو: ئەو دەستپێشخەرییانە چین کە لەلایەن بانکی ناوەندی هەتانە و خەڵک دەتوانێت لێی سوودمەند بێت؟
زوحا عەبدولكەریم: بانكی ناوەندی بایەخ بەو پڕۆژە بچووك و مامناوەندانە دەدات، كە لە رێگەی بانكەوە دەكرێت بەهەمانشێوە بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و زەویوزار. ئەم بوارە كارئاسانییەكی زۆری بۆ كراوە بۆ ئەوەی قەرز بە هاووڵاتییان بدرێت بە سوویەكی كەم و پارەداركردنیان لە رێگەی دەستپێشخەریی بانكی ناوەندیی عێراقییەوە دەكرێت. بەدڵنیاییەوە هەموو بانكەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراقی لەخۆگرتووە. بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بەوە بدەین كە خزمەتگوزارییەكان بە یەكسانی بە هەموو هاووڵاتییان بدرێت.
رووداو: ئایا لە عێراق ژێرخانی بانکیی ئەلیکترۆنیمان هەیە؟ چۆن کاری حەواڵەی پێدەکرێت و بە گشتی چۆن کاری پێدەکرێت؟
زوحا عەبدولكەریم: سەرەتا بازاڕەكان لەبارەی مامەڵەكردنی ئەلیكترۆنی سست بوو. كاتێك ژێرخانەكانمان تەواوكرد، توانیمان بانكەكان و ئەو كۆمپانیانەی ئەم كارە دەكەن بەم ژێرخانەوە گرێیان بدەین و سەرەتا مووچە لە رێگەی ئەلیكترۆنییەوە دابەش بكەین و بەشێوەیەكی زۆر فراوان دەستكرا بە بەرهەمهێنانی كارتی ئەلیكترۆنی و خستنەگەڕی خزمەتگوزارییەكە لە سیستمی مۆبایلەكانەوە. ئێستاش كاردەكەین بۆ رەواجدان بەم جۆرە كارتە ئەلیكترۆنییانە بۆ ئەوەی بازرگانەكان و حكومەت بەكاری بهێنن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك هەبێت لە سیستمی پارەداركردنی ئەلیكترۆنی و بۆ ئەوەی سیستمی نەختینە كەم بكەینەوە.
رووداو: کەواتە بانکی ناوەندی رێگە دەدات بە بانکەکان کە خزمەتگوزاریی بانکیی ئەلیکترۆنی لە دەرەوە یان لە نێوخۆ بەکاربێنن؟
زوحا عەبدولكەریم: بەدڵنیاییەوە ئێمە لە بانكی ناوەندیی، ئامانجمان پاڵپشتیكردنە لە دراوی خۆماڵی و مامەڵەكردن بە دیناری عێراقی. هاوكات پاڵپشتی لە بانكەكان و ئەو كۆمپانیانەش دەكەین، كە سیستەمی مامەڵەی ئەلیكترۆنی دەگرنەبەر لە رێگەی بەكارهێنانی كارتە ئەلیكترۆنییەكان لە دەرەوەی عێراق بە دۆلاری ئەمریكی.
هەروەها خەرجكردن و مامەڵەپێكردنەكان بەپێی ئەو بەهایە دەبێت كە بانكی ناوەندی دیاریكردووە بۆ گۆڕینی دراوەكان تاوەكو پرۆسەكە پشتیوانیكار بێت و بخرێتە ژێردەستی هاووڵاتییان تا بتوانێت كارتە ئەلیكترۆنییەكانی لە دەرەوەی عێراق بەكاربهێنێت و حەواڵەی دراوەكان بكات بەو نرخەی كە بۆی دیاریكراوە لە هەر وڵاتێك كە بیەوێت خۆی تێیدا بەكاری بهێنێت.
رووداو: بانکی ناوەندی چۆن هاوکاری بانکەکان و کەرتی تایبەت دەکات بۆ ئەم بابەتە؟
زوحا عەبدولكەریم: بانكی ناوەندی مۆڵەت بە بانك و كۆمپانیاكان دەدات و دەسەڵاتیان پێدەدات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكانیان فراوان بكەن و خاڵی فرۆشتنەكانیان دیاری بكەن و ئێستاش دەسەڵاتمان بە ژمارەیەك كۆمپانیا و بانك داوە، لە رێگەی چەندین دەستپێشخەرییەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئەم كۆمپانیا و بانكانە بكات بۆ ئەوەی بخرێنە نێو ئەم بازاڕە و كارەكانیان فراوان بكەن و خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دابین بكەن بەو دەسپێشخەرییانەی بانكی ناوەندیی كە دەیانكات تا بتوانن خاڵی فرۆشتنەكانیان زیاتر بكەن و خزمەتگوزارییەكانیان فەراهەم بكەن تا لە سوودی هاووڵاتییان كۆتایی پێ بێت. ئامانجمان لەوەدایە، هاووڵاتی بتوانێت لە رێگەی مۆبایل و كارتی ئەلیكترۆنیەوە بەگوێرەی ستاندەردە كارپێكراوەكان، خزمەتگوزارییەكان لە كەمترین كات و تێچوو بەكاربهێنێت بەبێ ئەوەی پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی نەختینە.
رووداو: ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە چەندن کە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی پێشکێش دەکەن؟
زوحا عەبدولكەریم: ئێستا نزیكەی 20 كۆمپانیا مۆڵەتیان پێدراوە بەیەك چاو پاڵپشتیی لە سەرجەم كۆمپانیاكان دەكەین و بەیەك هەنگاو لێیانەوە نزیكین بۆ ئەوەی بتوانن چاوەڕوانكراوەییەكانیان و ئامانجەكانیان بەدی بكەن و رێنمایی نوێ دەردەكەین بۆ ئەوەی دیجیتاڵ ئیبۆردینگ بە بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنەكان و تەكنۆلۆژیا هاوچەرخەكان بەكاربهێندرێت و كێبڕكێی بانكی و سیستەماتیك بەدی بكرێت لە بازاڕەكاندا. ئەم هەنگاوە رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی بیرۆكەی نوێی دیكەش بێتەئاراوە و ئاستی خزمەتگوزارییەكان فراوانتر بكرێت.
رووداو: ئایا بانکی ناوەندی رێنمایی هەیە بۆ ئەو دامەزراوانەی کە ئەم کارە دەکەن؟
زوحا عەبدولكەریم: بەدڵنیاییەوە بانكی ناوەندی ژمارەیەك رێنمایی دەركردووە. رێنماییەكان بێگومان تەنیا بۆ بانكێك نابێت، سەرجەم رێنماییەكانمان گشتگیرە و بەیەك ئاراستە لە هەمووان نزیكین. لەژێر رۆشنایی رێنماییەكانمانەوە بازاڕەكە بۆ هەمووان كراوەیە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان.
رووداو: چی دەکەن بۆ ئەوەی کە قۆرخکاری نەبێت لەو بوارەدا و دەرفەتی یەکسان و دادپەروەر هەبێت بۆ هەمووان؟
زوحا عەبدولكەریم: لە عێراق ژمارەیەكی زۆر بانك هەیە، بەشێكیان حكومین و بەشێكیشیان بانكی تایبەتن و بەسەر سێكتەری جیاوازەوە دابەشكراون. هەموو بانكێك لە سێكتەری خۆیەوە ئاڵنگاری و تایبەتمەندی خۆی هەبووە و هەیە. بانكی ناوەندی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بەیەك چاو مامەڵە لەگەڵ هەموویان بكات. بۆچوونی ئێمە لەوەدایە كاریان لەگەڵدا بكەین بۆ ئەوەی ئەركەكانیان بەگونجاوی بەڕێبكەن و خزمەتەكانیان بە باشی بەڕێوەببەن بەتایبەتی سیستەمەكانیان ئاوێتە بێت لەگەڵ پێداویستیی بازاڕەكان. بازاڕی عێراق فراوانە و ئەركی سەرشانی ئێمەیە بایەخی زۆر بە بانكەكان بدەین تاوەکو بتوانن باشترین خزمەت پێشكەش بكەن و ئێمەش بتوانین بازنەی خزمەتەكان بگەیێنینە زۆرترین شوێنی وڵات. لە هەمانكاتدا بتوانین ركابەرییەكی دادپەروەرانە لەنێوان هەمووان فەراهەم بكەین.
رووداو: هەر بانكێک کە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنییان هەیە ئێوە لێی ئاگادارن؟
زوحا عەبدولكەریم: پرۆسەی هەناردەكردنی نەختینە و پرسەكانی دیكەش مایەی بایەخی ئێمەن، بۆیە سەرجەم ئەو بانكانە و كۆمپانیاكانی دراو لە هەرێم هەن، لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە. هەروەها بانكی ناوەندی لە هەولێر یارمەتیدەر بووە لە پرۆسەی حەواڵەكردنی رێكوپێكی پارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هەرێم بەهەمان شێوەی پارێزگاكانی دیكە. هیوادارین لە قۆناخی داهاتوودا هاوئاهەنگی و پاڵپشتیی زیاترمان هەبێت بۆ هەرێم تەنانەت بتوانین سەرجەم حەواڵەكان و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەین.
رووداو: چی دەکەن بۆ ئەوەی کۆی سیستمی بانکی بەیەکەوە ببەستنەوە؟
زوحا عەبدولكەریم: بانكی ناوەندی ژێرخانەكانی تەواو كردووە و سەرجەم بانك و كۆمپانیاكانی دراومان بەم سیستمە گرێداوە و توانیومانە ئەم ژێرخانە بكەینە بنەمایەك بۆ دەستپێكردن بە پرۆسەی دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئەنجامدانی وەبەرهێنانی پێویست لەم بوارەدا بۆ بانك و سەرجەم كۆمپانیاكان، چونكە دید و بۆچوونەكان روونە و ستراتیژیەتەكەش بەردەستە بۆ ئەوەی هاوبەشەكان بەشێوەیەكی دروست ئاراستە بكرێن.