شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیان سەردانی هەولێر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی هەینی شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی هەولێر بکات و پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و مووچەی کارمەندانی سایلۆ و کردنەوەی دوو بنکەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تاوتوێ بکەن. 
 
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکەی عێراق لە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵە و چەند بەڕێوەبەرێکی تەکنیکی و کارگێڕی و ژمێریاری ئەو کۆمپانیایە پێکدێن. 
 
وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "شاندەکە سبەی بۆ دیاریکردنی دوو شوێن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران سەردانی هەریەک لە کۆیە و هەریر دەکات بۆ ئەوەی دوو بنکەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاری بکات." 
 
کەمال موسلیم ئاماژەی بەوە کرد ئەو شاندە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە جووتیاران و هەروەها مووچە و شایستە داراییەکانی کارمەندانی بنکەکانی وەرگرتنی گەنم سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.