رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ "زۆر نیگەرانە لەوەی بەغدا هێشتا رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادات"... داواش دەکات کێشەکە چارەسەر بکرێت.
مایکڵ ماککۆڵ، سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (سەر بە پارتی کۆماری) لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دەڵێ "وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی رژێمی ئێرانە".
ماککۆڵ، هەروەها داوا دەکات "ئیدارەی بایدن، فشار بۆ حکومەتی عێراق بهێنێت بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە کە مەترسی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە، چارەسەربکرێت".
پێشتر باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کردبوو؛ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەنیا لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان وەستاوە.
عەوادی دەڵێ، لە دوای چارەسەرکردنی بابەتە تەکنیکییەکان هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەزوویی دەستپێدەکاتەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق هەروەها رایگەیاندووە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە دانوستاندندان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت و لایەنی تورکی پێی راگەیاندوون دەیانەوێ لەوە دڵنیاببنەوە کە لە دوای بوومەلەرزەکە، بۆڕیی هەناردەکردنی نەوت زیانی پێنەگەیشتووە.
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
بەر لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە، وەزارەتى نەوتى عێراقیش مانگانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتى کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکى لە رێگەى ئەو بۆرییەوە هەناردەى بەندەرى جەیهانى تورکیا دەکرد، کە هاوکات نەوتى هەرێمى کوردستانى لێوە هەناردە دەکرا.
راگرتنى هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى مانگێکدا 190 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتى گشتیى عێراق و زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلار بە کەرکووک دەگەیێنێت، ئەوە سەربارى داهاتى ئەو 378 هەزار بەرمیل نەوتەى رۆژانە هەرێمى کوردستان هەناردەى دەکرد، کە لە 30 رۆژى راگرتنى هەناردەکەیدا زیانى 642 ملیۆن و 978 هەزار دۆلارى بە داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە بەشێکی زۆری بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخاندەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ