جووتیارانی كوردستان بازاڕەكان پڕ دەكەن لە خەیار
رووداو – هەولێر
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كشتوكاڵی دەڵێت بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خانووی پلاستیكی و ئەو رەسمە گومرگییەی لەسەر بەرهەمی هاوردەیان داناوە، بەرهەمی خۆماڵی بەگشتی و خەیار بەتایبەت زۆر زیادی كردووە.
وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵانە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، بەپێی پێویست هاوردەكردنی بەرهەم قەدەغە دەكات، بەڵام بەهۆی بەنایاسایی هاوردەكردنی زۆربەی بەرهەمەكان، بەتایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە، خەریكە ئەو ریسەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەبێتەوە خوری.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە پێنج ساڵی رابردوودا بەرهەمی خەیار لە 68 هەزار و 392 تۆنەوە بۆ 58 هەزار 656 تۆن دابەزی، بەڵام ساڵی رابردوو سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەرهەمی خەیار بەڕێژەی نزیكەی 12% زیادی كرد.
كامیل محەممەد سەلیم، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كشتوكاڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت "دوای ئەوەی بۆمان دەركەوت زۆربەی بەرهەمەكان سەرەڕای قەدەغەكردن بەڕێگەی نایاسایی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاوردەی كوردستان دەكرێن و بەرهەمی ناوخۆش لەنرخدا ناتوانێ كێبڕكێیان بكات، جۆرێك لەپاشەكشێ لە بەرهەمی خۆماڵی بەگشتی و خەیار بەتایبەت هەیە، بۆیە ساڵی رابردوو بڕیارمان دا لەجیاتی قەدەغەكردن پەیڕەوی سیستەمی رەسمی گومرگی بكەین، ئەمەش وایكرد بەرهەمی ناوخۆ بەتایبەت خەیار و پەتاتە زیاد بكات".
بەبڕوای كامیل، بەشێكی دیكەی زیادبوونی بەرهەمی خەیار بەهۆی زیادبوونی خانووی پلاستیكییە كە لەهەرێمی كوردستان ساڵ بەساڵ ژمارەیان زیاد دەكات.
بەهۆی قەیرانی دارایی، گەشەی زۆربەی كەرتەكان سست بووە، بەڵام كەرتی كشتوكاڵ جوڵەی زیاتری تێكەوتووە و دانانی خانووی پلاستیكی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. تەنیا ساڵی رابردوو 2085 خانووی پلاستیكی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دانراون، بەمەش ژمارەی خانووی پلاستیكی بۆ 9696 خانوو زیاد بووە.
رزگار ئیسماعیل، سەرپەرشتی كێڵگەیەكی 72 خانووی پلاستیكی لە سنووری گوندی هەمزەكوێری سەر بەناحیەی قوشتەپەی شاری هەولێر دەكات و دەڵێت "ساڵی رابردوو لە 62 خانوودا خەیارمان چاند، 170 تۆن بەرهەممان هەبوو، بەهۆی دانانی بڕی 250 دیناریش وەك رەسم لەسەر بەرهەمی هاوردە، بەئاسانی بەرهەمەكەمان لەبازاڕ ساخ بووەوە و قازانجی باشمان كرد".
رزگار ئیسماعیل، لەنێو خانووە پلاستیكییەكانی لە هەردوو وەرزی بەهار و هاوین خەیار دەچێنێت، بۆ ئەمساڵیش ژمارەی خانووەكانی بۆ 72 خانوو زیادكردووە. ئەو دەڵێت "ئەگەر تووشی نەخۆشی نەبێت، پێشبینی دەكەین بەرهەمی بگاتە 200 تۆن".
ترسی ساخنەبوونەوەیان هەیە
لەكۆی ئەو ژمارە خانووە پلاستیكییەی لەكوردستان هەن، 6136 خانووی پلاستكییان لە سنووری پارێزگای سلێمانین، ساڵی رابردوو 1741 خانوو زیادی كردووە. ژمارەیەك لە جووتیارانی پارێزگای سلێمانی كە خانووی پلاستیكییان هەیە، لە ساڵی 2011 كۆمەڵەیەكیان بۆ ئاڵوگۆڕی رێنمایی و گەشەپێدانی بەرهەم دامەزراند. ئێستا كۆمەڵەكە 621 ئەندامی هەیە.
مەلا كامیل داود ئەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیكی لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت "بەهۆی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە خەڵكێكی زۆر لە پارێزگای سلێمانی گەڕاونەتەوە سەر كشتوكاڵ، ژمارەی خانووە پلاستیكییەكان بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و زیاتر لە 80%ی خانووەكانیش بە خەیار چێنراون، بۆیە ئەمساڵ ترسی ساخنەبوونەوەی بەرهەممان هەیە، چونكە بەراورد بەساڵی رابردوو بە رێژەی 30% زیاتر چێنراوە".
گرنگی خانووی پلاستیكی بۆ كشتوكاڵكردن لەوەدایە لەرێگەی گونجاندنی كەشوهەواوە دەتوانرێت چوار وەرزەی ساڵ بەرهەمی جۆراوجۆر بچێنرێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان بەهۆی زوو پێگەیشتنی، لە زۆربەی خانووە پلاستیكییەكاندا خەیار دەچێنرێ.
خەیار بەربوومێكی هاوینەیە و دەتوانرێت بەشێوەی كراوە و داخراو بچێنرێ، بەڵام بەرهەمی داخراو 8 تاوەكو 10 بەرامبەری بەرهەمی كراوەیە، بۆیە لەهەرێمی كوردستان زیاتر بەشێوەی داخراو دەچێنرێت. گرفتیش لەوەدایە بەهۆی تێچووی بەرهەمهێنان جووتیاران تەنیا لە وەرزی بەهار و هاوین لەنێو خانووەكانیان خەیار دەچێنن، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ساڵانە 40 تاوەكو 50 هەزار تۆن خەیار لە وڵاتانی ئێران، ئوردن، سووریا، توركیا و میسرەوە هاوردە دەكرێت.
مەلا كامیل داود دەڵێت "چاندنی خەیار لە وەرزی زستان و پایز لەنێو خانووی پلاستیكی بۆ گونجاندنی كەش پێویستی بە وزە هەیە، ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەكات، جووتیارانیش ناتوانن لەنرخدا كێبڕكێی بەرهەمی هاوردە بكەن، بۆیە لەم دوو وەرزەدا خەیار ناچێنن".