رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی ھەن لە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەکردن، راپۆرتی ساڵی 2024ـی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی ئاماژە بە گەشەسەندنێکی بەھێز لە بەرھەمھێنان و زیادبوونی نەختینە دەکات. کۆمپانیاکە ئاماژەی بە چەند ژمارەیەکی سەرەکی داوە و جەختی لە خۆڕاگریی خۆی و بەھای ئابووریی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
بەرهەمهێنان و یەدەگی پێوانەیی
بەپێی راپۆرتەکە؛ لە ساڵی 2024ـدا، کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ 19 هەزار و 650 بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزکردەوە، ئەمەش دەکاتە زیادکردنی 60٪ بەراورد بە 12 هەزار و 410 بەرمیل لە ساڵی 2023ـدا. ئەم گەشەسەندنە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە هەرێمی کوردستانەوە بوو.
خەمڵاندنی یەدەگی نەوتیی کۆمپانیاکە ئێستا 82 ملیۆن بەرمیلە. ئەمە هەرچەندە بە هۆی وەستانی هەناردەی نێودەوڵەتی، نەوت لە ناوخۆ بە 35 دۆلار دەفرۆشێت کە نزیکەی نیوەی نرخی بازاڕی جیهانییە.
گەنەل لەگەڵ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO) کە هاوبەشی کارگێڕییەتی، چوارچێوەیەکی فرۆشی ناوخۆیی جێگیریان داناوە، ئەمەش سەرەڕای داشکاندنی نرخ، دڵنیایی لە بەردەوامیی هاتنی پارە دەدات.
بووژانەوەی دارایی
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، گەنەل ئێنێرجی لە ساڵی 2024ـدا گەڕانەوەیەکی بەهێزی دارایی تۆمارکرد، بە شێوەیەک لە زیانێکی دارایی 71 ملیۆن دۆلارییەوە بۆ بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن دۆلاری گۆڕا. سەرەڕای فرۆشتنی نەوت بە نرخی ناوخۆیی کەمتر و بەردەوامیی داخستنی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا، داهاتی بەردەوام لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ یارمەتیی بەهێزکردنی دارایی کۆمپانیاکەیدا، کە بە نزیکەی 131 ملیۆن دۆلار پارەی کاش کۆتایی بە ساڵەکە هێنا.
کاریگەریی ئابووری لە هەرێمی کوردستان
هەر بەپێی راپۆرتەکە، گەنەل ئێنێرجی ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە رۆڵێکی سەرەکیی لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا گێڕاوە و زیاتر لە 20 ملیار دۆلار داهاتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەست هێناوە. هەروەها کۆمپانیاکە 48 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە پرۆژەی کۆمەڵایەتیدا کردووە و ساڵانە پشتیوانیی نزیکەی 10,000 هەلی کار دەکات. لە ساڵی 2024ـدا، لە رێگەی دەستپێشخەرییەکانی وەکو زەمالەی گەنەل20، کە ئامانج لێی پشتیوانیکردنی بەهرەی خۆجێییە، لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی کۆمەڵگە بەردەوام بوو.
روانگە و سەرنجی ستراتیژی
گەنەل ئێنێرجی دەڵێت، ئامانجی ئەوەیە دەست بە هەناردەی نێودەوڵەتی بکاتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە داهاتەکەی دوو هێندە بکات.
گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە گوتی: "ئێمە زۆر گرنگیمان بە دابینکردنی بازاڕێکی ناوخۆیی بەهێز داوە. هەرچەندە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نێودەوڵەتی هێشتا لە پێشینەی کارەکانماندایە؛ بەردەوام لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی عێراقی فیدراڵ کار دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێک، کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا داهاتەکانمان دوو هێندە بکاتەوە."
کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان فراوانتر کار دەکات و ٪40ـی پشکی بلۆک 54ـی لە عومان کڕیوە بۆ ئەوەی پشتگیری لە گەشەی داهاتوو بکات. سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی لە بازاڕی نەوتدا هەن، راپۆرتی ساڵی 2024ـی گەنەل ئێنێرجی جەخت لە بەڕێوەبردنی دارایی بەهێز دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە تۆمارکردنی ژمارە سەرکەوتووەکان بەردەوامبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ