رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی داخستنی بازاڕدا، ئەمڕۆ نرخی دینار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و 100 دۆلار بۆ نزیکەی 147 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ، (چوارشەممە 27-4-2023) حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە؛ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە هەولێر، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕ لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 148 هەزار دینار بووە، لەکاتی داخستنیشیدا بە 147 هەزار و 100 دینارە.
هەریەک لە حاجی سابیر و رەوەز جەزا باس لەوە دەکەن، زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دینارە بەرامبەر بە دۆلار.
ئەو دوو ئاڵوگۆڕکارە باس لەوەشدەکەن، خواست لەسەر دۆلار کەمە و پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دینار دەکرێت، بەو مەرجەی هیچ رووداوێکی سیاسیی لەناکاو روونەدات.
هاوکات سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دینارە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 257 ملیۆن و 591 هەزار و 195 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 13 ملیۆن و 190 هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش و 244 ملیۆن و 401 هەزار و 195 دۆلاریشی بە حەواڵە بووە.
رۆژی یەکشەممە 23-4-2024، دوای نزیکەی 10 مانگ، بەهای 100 دۆلار بۆ کەمتر لە 149 هەزار دینار دابەزی.
رۆژی دووشەممە، 25-3-2024 عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلوومبێرگ رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.
بەگوتەی عەمار خەڵەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە.
هەروەها سەفوان قوسەى، راوێژکارى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراق بە رووداوی گوت "کاتێک بازرگانێک داواى دۆلارى دەکرد، لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە وردبینى دەکرا و ئەگەری هەبوو رەتبکرێتەوە، بەڵام ئێستا سیستمى ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە هەیە، کە دەرفەتى ئەوەى رەخساندووە بتوانن حەواڵەکە بەشێوەیەکى راستەخۆ بکەن، ئەمە پاڵپشتیکراوە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە، کە دەیەوێت تاوەکو 31ـی کانوونى یەکەمى 2024 سەکۆى ئەلیکترۆنى رابگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ