رووداو دیجیتاڵ
لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بەشێکی کۆمپانیاکان دەڵێن، تاوەکو هێڵەکە دەکرێتەوە، نەوتی بەرهەمهێنراو کۆگا دەکەن.
رۆژی دووشەممە 27ـی ئاداری 2023، هەریەکە لە کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆڵیەم، گەنەل ئینێرجی و DNO رایانگەیاند، تاوەکو چارەسەرێک بۆ پرسی نەوتی هەرێمی کودستان دەدۆزرێتەوە، نەوتی بەرهەمهێنراو کۆگا دەکەن.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کاردەکات، دەڵێت، پێی راگەیێندراوە "لە رۆژی شەممەوە هێڵی هەناردەی نەوتی عێراق-تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر داوای تورکیا راگیراوە".
کۆمپانیاکە دەشڵێت، هەرچەندە دیار نییە کەی هەناردەکە دەستپدەکاتەوە، بەڵام "راگەیێندراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پیشانیدەدەن کە وەستانەکە کاتییە".
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، دامەزراوەکانی کۆگای پێویستی بۆ کۆگاکردنی نەوت "لە چەند رۆژی داهاتوودا هەیە".
لای خۆیەوە، کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی دەڵێت، لەلایەن کۆمپانیای هێڵی بۆریی کوردستانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە بۆریی عێراق-تورکیا راگیراوە؛ دەشڵێت ئەوان لە راگەیێندراوی هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق وا دەخوێننەوە کە "راگرتنەکە کاتییە".
کۆمپانیاکە باس لەوەش دەکات، ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی نەوت و نەوتی بەرهەمهێنراو کۆگا دەکەن.
هاوکات کۆمپانیای DNOـی بواری نەوت و گاز رایگەیاند، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێی راگەیێندراوە "بەشێوەیەکی کاتی" هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بووەستێنێت.
کۆمپانیا نەرویجییەکە دەشڵێت، لە رۆژی 25ـی ئادارەوە دەستیکردووە بە گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو کۆگاکان؛ باس لەوەش دەکات، ئەو تانکییانە دەتوانن بۆ ماوەی چەند رۆژێک نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور کۆگا بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڕیارێکی دەرکرد، کە بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات.
دوای بڕیارەکە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا؛ دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا تاوەکو گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری بۆ کێشەکان.
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شەوی شەممە لە تویتەر نووسی: "لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگە. سبەی تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ