رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە زیاتر لە 57 هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27-02-2024، نرخی بیتکۆین 2 هەزار و 600 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک بە 57 هەزار و 300 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێش نرخی بیتکۆین زیاتر لە 2 هەزار و 500 دۆلار بەرزبووەوە و یەک بیتکۆین بە زیاتر لە 54 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەم پێیە، تەنیا لە دوو رۆژدا، نرخی هەر بیتکۆینێك زیاتر لە 5 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە.
11ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵای فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاریدا داواکاریی 13 کۆمپانیای دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ مامەڵەکردن بە بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەو وڵاتە پەسندبکات.
ئەم بڕیارە کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی لەسەر بیتکۆین داناوە و خواستی لەسەر ئەو دراوە زیادکردووە کە گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە لەسەر ئاستی جیهاندا.
لە دوایین پێشهاتیشدا، CoinMarketCap کە تایبەتە بە توێژینەوە و زانیاریی بواری دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، 'مایکرۆ ستراتیجی'، کۆمپانیای بواری دراوە دیجیتاڵییەکان نزیکەی 3 هەزار بیتکۆینی کڕیوە بە بەهای 155 ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیاکە ئێستا گەورەترین کۆمپانیای کڕیاری بیتکۆینە و سەرەتای ئەم مانگەش، نزیکەی 190 هەزار بیتکۆینی دیکەی کڕیبوو. بەوەش ئێستا بە بەهای زیاتر لە 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بیتکۆینی هەیە.
گرێتا یوان، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە سەکۆی VDX بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، دوو هۆکار لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆینەوەن؛ کڕینی زۆری بیتکۆین لە لایەن کۆمپانیای وەک ماکرۆ ستراتیژی و، هاتنەناوەوەی بیتکۆین بە ئاستێکی پێوانەیی بۆ نێو بۆرسەکانی ئەمریکا.
هاوکات بەپێی ئاماری سەکۆی Coinbase کە گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانە لە ئەمریکا، لەدوای بڕیارەکەی لیژنەی ئاڵوگۆڕی فیدراڵی لە مامەڵەکردن بە بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەمریکا، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بیتکۆین چووەتە نێو بۆرسەکانی ئەو وڵاتەوە.
تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی بیتکۆین 35٪ بەرزبووەتەوە؛ لە ساڵی رابردوویشدا 150٪ بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە 18 هەزار دۆلار لە سەرەتای 2023 گەیشتە 44 هەزار دۆلار لە کۆتایی ساڵەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ