نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 83 دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرزبووەوە و درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
 
نیگەرانی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت لەبەر شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە دەریای سوور و کەناڵی سوێس، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەرێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 82 دۆلار و 70 سەنت. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 77 دۆلار و 72 سەنت.
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکان لە دوێنێوە، بەڵام کاڵبوونەوەی گەشبینییەکان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سنووردارکردووە.
 
شرۆڤەکارانی بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکەن؛ نرخی نەوت لەنێوان 70 تاوەکو 90 دۆلار بمێنێتەوە.
 
چەکدارانی حووسی لە یەمەنەوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا، بەریتانیا و هاوپەیمانیشیان رایانگەیاندووە بە تووندی وەڵامی هێرشەکانیان دەدەنەوە.
 
ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک داتای گرنگی ئابووری لەبارەی هەڵاوسان لە ئەمریکا و گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو بڵاودەبنەوە کە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێن. لەلایەکی دیکەشەوە هاندانە ئابوورییەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی بۆ بازاڕەکانی ئەو وڵاتە، بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا.