نرخی مادە خۆراکییەکان لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

27-02-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان و دابەزینی بەهای دۆلار بەراورد بە سەرەتای مانگی رابردوو، نرخی خواردەمەنییە سەرەکییەکانی لە هەرێمی کوردستان دابەزاندووە. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، برنج، رۆن، رۆنی شل، چا، سنگی مریشک و خواردمەنییەکانی هاوشێوە نرخیان دابەزیوە.
 
لە هەولێر 5 کیلۆ برنج 2000 دینار دابەزیوە
 
لەزگین جوبرائیل، خاوەنی مارکێتی بەهەشتی شار لە هەولێر رۆژی دووشەممە 27ـی شوباتی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەراورد بە مانگی رابردوو بەهای مادە خۆراکییەکانی "زۆر دابەزاندووە." 
 
لەزگین جوبرائیل دەڵێت، 5 کیلۆ برنج لە 12 هەزارەوە بۆ کەمتر لە 10 هەزار دینار دابەزیوە؛ کارتۆنێک رۆنی شل لە 54 هەزارەوە بووەتە 50 هەزار؛ رۆنێکی پێنج کیلۆیی لە 13 هەزار و 500 دینارەوە بووەتە 12 هەزار؛ کارتۆنێک سنگی بەستووی مریشک لە 47 هەزارەوە بووەتە 42 هەزار دینار و گوتی: "هەموو مادە خۆراکییەکان هەرزان بوون." 
 
ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکان 100 دۆلاریان بە زیاتر لە 150 هەزار بۆ دەگۆڕنەوە و گوتیشی: "هەرکاتێک کۆمپانیاکان دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرن بە دڵنیاییەوە هەرزانیی روودەکاتە بازاڕ." 
 
نرخی مادە خۆراکییەکان لە سلێمانی 
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ژیلوان مەجید، سەرپەرشتیاری فرۆشتنی مادە خۆراکییەکان بە مارکێتەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ 300 کۆمپانیا گرێبەستی کارکردنمان هەیە. زیاتر لە 30ـی کۆمپانیای گەورە رەزامەندییان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە و دۆلاری هەرزانیان پێدەدات. ئەوانیش بۆ ئێمە و مارکێتەکان 100 دۆلار بە 140 هەزار دینار دەشکێننەوە، کە بەراورد بەوەی 100 دۆلار بە 170 هەزار بوو جیاوازییەکەی زۆرە، بەراورد بە نرخی ئەمڕۆش زیاتر لە 13 هەزار جیاوازیی هەیە و هۆکاری دابەزینی نرخە." 
 
ژیلوان مەجید چەند نموونەیەکی خستەڕوو و گوتی، 5 کیلۆی برنجی باش 11 هەزار بوو و ئێستا 9 هەزار و 500 دینارە؛ 25 کیلۆ برنج 57 هەزار دینار بوو و ئێستا 49 هەزارە؛ کارتۆنێک رۆنی شل 56 هەزار بوو و ئێستا 50 هەزارە؛ چوار کیلۆ رۆن 21 هەزار بوو و ئێستا 19 هەزارە؛ هەموو جۆرەکانی چا 500 بۆ 750 دینار نرخیان دابەزیوە.
 
ژیلوان مەجید ئاماژەی بەوەشکرد، نرخ بەردەوام روو لە نزمبوونەوە دەکات و بە تەواوکردنی رێکاری کۆمپانیاکانی دیکە بۆ وەرگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق، بەهای مادە خۆراکییەکان زیاتر دادەبەزێت.
 
نرخ لە دهۆک و هەڵەبجە 
 
شەریف فەتاح، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە وەکو چاودێریی بازرگانیی دهۆک و لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە لە سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان گرووپمان هەیە و رۆژانە نرخ بڵاو دەکەینەوە. ئەوەی لەوێ هەیە لێرەش هەمان شتە و نرخ دابەزیوە." 
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد کە لە دهۆک چاودێریی زۆری بازرگانانیان کردووە لە کاتی بەرزبوونەوەی دۆلاردا و زانیویانە کۆگاکان چەند خۆراکی تێدا بووە؛ بۆیە نرخ زۆر بەرزنەبووەتەوە و گوتیشی: "ئێستاش بەهای دینار ناجێگیرە؛ بازرگانان و هاووڵاتییانیش خۆراکی زۆر دەکڕن، بەڵام هەمووان ئومێدیان هەیە بەهای خۆراک زیاتر دابەزێت." 
 
هاوکات ئەردەڵان ئیبراهیم، خاوەنی هەرزان بازاڕێکە لە هەڵەبجە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەراورد بەو کاتەی 100 دۆلار 170 هەزار بوو، نرخی مادە خۆراکییەکان دابەزیوە و خەڵکیش بەوە دڵخۆشن، بەڵام هێشتا لە سنووری ئێمە بەهای دۆلار وەکو بانک نییە. دوێنێ کۆمپانیایەک پارەی لە ئێمە وەرگرت 100 دۆلاری بە 150 هەزار دینار شکاندەوە و گوتی، هێشتا رێکارەکانیان لە بانکی ناوەندیی عێراق تەواو نەبووە." 
 
ئەردەڵان ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد کە یەک لیتری رۆنی شل لە 3 هەزار دینارەوە بووەتە 2 هەزار و 500 دینار؛ پێنج کیلۆ برنج هەزار و 500 دینار نرخی دابەزیوە.
 
لیژنەی قایمقامەکان لە هەرێمی کوردستان چاودێریی نرخ لە بازاڕدا دەکەن
 
ئەمڕۆ دووشەممە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رێگەی لیژنەکانمانەوە بەردەوام چاودێریی نرخ دەکەین لە بازاڕدا؛ هەرکەس و شوێنێک زیاد لە سنووری خۆی و بە ئارەزووی خۆی نرخی بەرزکردبێتەوە بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە." 
 
عێراق چەندین رێکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار گرتووەتەبەر، یەکێک لەوانە بۆ بازرگانان و هاوردەکردنی خواردنە کە بەگوێرەی مەرجەکانی ئامادەیە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بۆ بازرگانان دابینبکات.
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، رۆژی 07-02-2023 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار." 
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا بوو، بەهای 100 دۆلار لەنێوان 170 بۆ 175 هەزار دینار بوو، ئەوەش بەهای مادە خۆراکییەکانیشی بەرزکردەوە، دوای بڕیارەکەش بەهای دینار بەرزبووەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە لە ئاست خواست و پێشبینییەکانی حکومەت نەبوو، کە دەیوسیت 100 دۆلار بە 132 بۆ 133 هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە