رووسیا لە سیستەمی بانکیی SWIFT دەردەکرێت


رووداو

یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان رێککەوتن ژمارەیەک بانکی رووسیا لە سەرەکیترین سیستەمی نێودەوڵەتیی بانکی، کە بە سویفت SWIFT ناسراوە، دەربکرێت.
 
هەروەها ئەژمارەکانی بانکی ناوەندیی رووسیاش سڕدەکرێن، ئەمەش توانای رووسیا بۆ گەیشتن بە یەدەگەکانی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیدا سنووردار دەکات.
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی ئەو وڵاتانەدا لە دوای دەرکردنی بڕیارەکە، ئاماژە بەوەکراوە کە "ئامانجەکە زیاتر گۆشەگیرکردنی رووسیایە لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی".
 
رووسیا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە سیستەمی سویفت دەبەستێت لە هەناردەی نەوت و گازی سرووشتیدا، کە هەناردەی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە و سەرچاوەیەکی دارایی گەورەیە بۆ رووسیا.
 
ئەم سزا هاوبەشە، قورسترین رێکارە تاوەکو ئێستا بەسەر رووسیادا سەپێندرابێت، ئەوەش بەهۆی هێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
 
سیستەمی سویفت، کورتکراوەیەکە بۆ "کۆمەڵەی پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکان لەنێوان بانکەکاندا"، سیستەمێکی پارێزراوی پەیوەندیکردنی خێرایە لەنێوان بانکەکانی جیهاندا کە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا پارە بگوازرێتەوە و مامەڵەی دارایی بکرێت، ئەمە سیستەمەش رۆڵی گەورەی لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا هەیە.
 
سویفت دامەزراوەیەکە ناوەندەکەی لە بەلجیکایە، ئاسانکاری دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی دارایی لەنێوان زیاتر لە 11 هەزار بانک و دامەزراوەی دارایی لە سەرانسەری جیهاندا. رۆڵێکی گەورەی هەیە لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی جیهان، بەڵام دامەزراوەکە خۆی دەسەڵاتی نییە سزا بسەپێنێت.
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکدا، ئاماژە بە ناوی ئەو بانکانەی رووسیا نەکراوە کە سزاکە دەیانگرێتەوە.
 
هەریەک لە ئەمریکا، ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا، کەنەدا و بەریتانیا رەزامەندییان لەسەر گرتنەبەری ئەو رێکارە بەرامبەر بە رووسیا داوە.