ئێران و توركیا؛ كێ دەبێتە براوەی نەوتی كەركووك؟
رووداو - شرۆڤە
ئەگەر لە سەرەتای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا لای بەشێك لە هاووڵاتیان ئەو گومانە هەبووبێت كە پرسی نەوتی كەركووك بەشێك نەبووە لە هۆكارەكانی پشت ئەو رووداوانە، بەڵكو پرسی ریفراندۆم بووە، ئەوە ئێستا دوای زیاتر لە چوار مانگ لەو رووداوە و راگرتنی هەناردەی نەوتی كەركووك بە رێگای بۆڕیی نەوتی كوردستان- توركیا، روونتر دەردەكەوێت كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی پەلامارەكەی سوپا و حەشد بۆ سەر كەركووك، دەستبەسەرداگرتنی نەوتەكەی بوو.
پێگەی كەركووك و خاكەكەی، ئەگەر خاڵی یەكەمی هەوڵەكانی كورد بووبێت بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، ئەوە بەدڵنیاییەوە نەوتەكەشی وەك شادەماری ئابووریی ئەو دەوڵەتە، گرنگە بەلایەوە، بۆیە بەهەنگاوەكانی عێراق و تەنانەت وڵاتە دراوسێیەكان، دوای 16ی ئۆكتۆبەر تێگەیشتین كە دەستبەسەرداگرتنی خاك و نەوتی كەركووك، واتە دەستبەرداربوونی كورد لە بیرۆكەی دەوڵەتی كوردستان لانیكەم لە كورتمەودادا.
رێككەوتنی ئێران و عێراق لەسەر نەوتی كەركووك
پرسیارێك دێتە پێشەوە كە ئایا دوای 132 رۆژ لە پەلاماردانی كەركووك لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بۆچی تا ئێستا عێراق ئامادە نییە نەوتی كەركووك بە بۆڕیی نەوتی كوردستاندا هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات؟ هەنگاوەكانی عێراق بۆ دروستكردنی بۆڕی نەوتی كەركووك- ئێران بە كوێ دەگات؟ توركیا بەم هاوئاهەنگییەی عێراق و ئێران رازی دەبێت؟
لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 2017 دا وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێوەیەكی ئاشكرا ناوەڕۆكی رێككەوتنێكی عێراقی لەگەل ئێران ئاشكرا كرد و رایگەیاند كە لەگەڵ ئێران رێككەوتوون لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ كرماشان.
بەپێی رێككەوتنەكە رۆژانە 30 تاوەكو 60 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لەڕێگەی تانكەرەوە هەناردەی پاڵاوگەكانی كرماشان دەكرێت تاوەكو ئەوكاتەی بۆڕیی نەوتی كەركووك ـ كرماشان رادەكێشرێ، بەڵام بەپێی نووسراوێكی دزەپێكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مێژووی هەوڵەكانی رێككەوتنی عێراق و ئێران لەسەر نەوتی كەركووك دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێك پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، لەبەر ئەوەی نووسراوەكە بەرواری 16/10/2016ی لەسەرە و لەلایەن جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراقەوە ئاراستەی بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران كراوە. ئەو وەزیرە عێراقییە پێشنیازی راكێشانی بۆڕییەكی نەوتی كردووە تا لەو رێگەیەوە نەوتی كەركووك بۆ پاڵاوگەی كرماشان-ی ئێران بگوازرێتەوە.
هەرچەندە هەوڵەكانی عێراق و ئێران بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە كە دەرهێنانی نەوتی كەركووكە لە دەستی هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، بەڵام لەنێوان 2016 تاوەكو 2017 چەندین دانیشتن و گفتۆگۆی فەرمی و نافەرمی لەنێوان ئێران و عێراق بەئامانجی رێككەوتن لەسەر نەوتی كەركووك بەرێوەچووە.
عێراق و ئێران لە چ قۆناغێكی پلانەكەدان؟
پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، رۆژانە لە كەركووكەوە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی كەركووك- جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا، بەڵام ماوەی 132 رۆژە هەناردەی نەوت بەڕێگەی بۆڕی راگیراوە. ئەگەر بەهای یەك بەرمیل نەوت بە 50 دۆلار ئەژمار بكەین، ئەوا لە ماوەی رابردوودا زیانەكانی راگرتنی هەناردەی نەوتی كەركووك دوو ملیار و 230 ملیۆن دۆلار بووە لەسەر داهاتی عێراق.
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەشێوەیەكی چڕوپڕ هەناردەی نەوت لەڕێگەی تەنكەرەوە بەردەوامە، بەڵام لە 30 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كەمترە، واتە كەمتر لە 8%ی هەناردەی نەوتی كەركووكی پێش 16ی ئۆكتۆبەر. وەزارەتی نەوتی عێراق لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی ئادار هەناردەی نەوتی كەركووك بە رێگەی تەنكەر بۆ ئێران دەگاتە 60 هەزار بەرمیل، واتە لە باشترین حاڵدا هەناردەی نەوتی كەركووك دەگاتە 16%ی ئەوەی رابردوو.
سەبارەت بەڕاكێشانی بۆڕی نەوتی كەركووك- جەیهان بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا، تا ئێستا بەشێوەیەكی كردارەكی هەنگاوێكی ئەوتۆ دیار نییە، بەڵام سەرچاوەی جیاواز ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئێران هەنگاوە كردارییەكانی لای خۆیەوە دەستپێكردووە. بەپێی زانیارییەكان تێچووی پرۆژەی راكێشانی بۆڕی نێوان كەركووك- ئێران كە درێژییەكەی 1900 كیلۆمەتر دەبێ، بە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، عێراق لە پرسی هەناردەی نەوتی كەركووك و رێككەوتن لەگەڵ هەرێم لەسەر هەناردەی نەوتی پارێزگاكە، سەركەوتوو نەبووە، بەڵام چەند گرێبەستێكی جیاوازی لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان واژۆ كردووە.
پەرلەمانی عێراق رۆژی 9/1/2018 بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا كاری كۆمپانیای "كار گرووپ" لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك رابگرێ، كاركردن لە كێڵگە نەوتییەكانی ئەو پارێزگایە تەنیا لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە بێت و هەناردەكردنی نەوتیش تەنیا لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە.
هەروەها رۆژی 18/1/2018 جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لەشاری كەركووك، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (BP) ی بەریتانی واژۆ كرد كە ئامانج لە گرێبەستەكە پەرەپێدانی نەوتی كەركووكە.
جگە لەوەش رۆژی 8/2/2018 وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێكی دیكەی لەگەڵ كۆمپانیای رانیەی نێودەوڵەتی واژۆكرد، بەمەبەستی دروستكردنی پاڵاوگەیەك لە كەركووك كە توانای پاڵاوتنی 70 هەزار بەرمیل نەوتی دەبێت لە رۆژێكدا.
ئەوەی جێگای تێبینییە، كۆی ئەو هەنگاو و رێكارانەی عێراق لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر گرتوویەتیە بەر، بەبێ ئاگاداری هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بووە.
توركیا و نەوتی كەركووك
توركیا لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی پێگەكەیەوە دروشمی ترانزێتی وزەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزكردووەتەوە، ئەم ناوبانگەشی بەشێكی بە پشتبەستن بەپێگە و جیۆپۆلەتیكی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنەكانی بووە لەگەڵ كوردستان، بەڵام دوای 16ی ئۆكتۆبەر پرسیارێك دێتە گۆڕێ: ئایا هەڵوێستی توركیا بەرامبەر هەنگاوەكانی عێراق و ئێران لەبارەی نەوتی كەركووك چی دەبێت؟
هەرچەندە عێراق هەموو هەوڵێكی دا لەپێناوی رازیكردنی توركیا بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە دەكرێت بڵێین بەشێك لەپەیامی خۆی بە عێراق گەیاند كە ئەو ئامادە نییە دەستبەرداری نەوتی كوردستان بێت.
وا بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە، وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوت و وزەی توركیا سەردانی ئەو وڵاتە بكەن و لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك گفتۆگۆ بكەن، بەدڵنیاییەوە بەشێكی گفتۆگۆكان پەیوەندیدارە بەوەی توركیا دەیەوێت هەڵویستی خۆی بەرامبەر هەنگاوەكانی ئێران و عێراق بۆ دروستكردنی بۆڕیی نەوتی كەركووك- كرماشان روون بكاتەوە، لەكاتێكدا بۆڕییەكی ئامادەی نێوان كوردستان – توركیا هەیە و توانای گواستنەوەی نەوتی كەركووكی بۆ بازاڕەكانی جیهان هەیە.
بۆیە پێویستە چاوەڕێ بكەین بزانین توركیا بەبژارەكانی دەتوانێت لەیەك كاتدا عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر نەوتی كەركووك بگەیەنێتە رێككەوتن، یان ئامادەیە دەستبەرداری نزیكەی 15%ی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ توركیا بێت؟
بیلال سەعید، رۆژنامەنووسی بواری ئابووری