دۆلاری ساختەی ئیسرائیل لە بازاڕەكانی كوردستان بڵاودەبێتەوە
رووداو – سۆران
ئەو كەسانەی ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن، دۆلارەكانی نێو دەستیان بە بۆمبێكی تەوقیتكراو دەزانن و دەڵێن جۆرە دۆلارێكی ساختە دێتە بازاڕەكانی كوردستان كە بە دۆلاری ئیسرائیلی ناسراوە، زۆر بە زەحمەت بەو ئامێرانەی لە كوردستان هەن ئاشكرا دەكرێ.
هەبوونی دراوی ساختە لە قەزای سۆران خەریكە دەبێتە دیاردە و دۆلارفرۆشەكانی نیگەرانكردووە. بەپێی ئامارێكی پۆلیسی سۆران كە تایبەت دراوەتە رووداو، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، 270 هەزار دۆلاری ساختە دەستی بەسەرداگیراوە.
تاهیر عوسمان مستەفا، خاوەنی نووسینگەی (دانیا) بۆ ئاڵوگۆڕكردنی دراو لە بازاڕی سۆران، گلەیی لە دەزگا ئەمنییەكانی سۆران دەكات كە وەك پێویست نەیانتوانیوە هەماهەنگییەكی باش دروست بكەن لەگەڵ بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراو.
تاهیر دەڵێت: "زۆرجار لەترسی هێنان و بردنیان بۆ لێكۆڵینەوە و گوتەوەرگرتن، دۆلارفرۆشانی سۆران چاوپۆشی لەو كەسانە دەكەن كە بڕە پارەیەكی كەمی ساختەیان پێبووە". یەكێك لە خاوەنی نووسینگەکانی ئاڵوگوڕی دراوەكانیش، كە حەزینەكرد ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەو قسەیەی تاهیر پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ "جارێك گەنجێك 200 دۆلاری هێنا بۆی بگۆڕمەوە، پێمگوت كوڕم دۆلارەكەت ساختەیە، بڕۆ نە سەر ئێشە بۆ من دروست بكە نە بۆ خۆشت". ئەو دۆلارفرۆشە هەروەها دەڵێت "ئەگەر هەواڵێك بدەیتە ئاسایش، زۆر ماندووت دەكەن و بۆ ماوەیەك لە كار و كاسبیت دەكەن، ئەوەندە هاتوچۆت پێ دەكەن".
سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو دۆلارە ساختانەی دێنە كوردستان، ئەو دۆلارفرۆشە گوتی: "تا دراوسێكەمان ئێران بێ، ماددەی هۆشبەر و دراوی ساختە لە كوردستان نابڕێ".
موشیر ئەحمەد، كە لەنێو دۆلارفرۆشانی سۆران بە مەلا موشیر ناسراوە، مێزێكی بچووكی لەبەردەم نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو داناوە. ئەو خاوەن مێزانە هەمیشە راوچییەكی چەورن بۆ ئەوانەی بیانەوێ دۆلارە ساختەكانیان ساخ بكەنەوە، بەڵام مەلا موشیر دەڵێت پاروویەكی هێندە ئاسانیش نین کە ساختەكاران بتوانن قووتیان بدەن.
مەلا موشیر دەڵێت "دووجار گورزم لە ساختەكاران وەشاندووە. جارێكیان بڕی 7500 دۆلار و جارێكیش 3900 دۆلاری ساختەم لێگرتوون". بە گوتەی مەلا موشیر "ئەوەی یەكەمیان گرووپێكی گەورە بوون، 15 كەسیان لێ دەستگیركران، چەند كەسێكیان كارمەندی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بوون، بەڵام بەداخەوە زۆربەیان بە كەفالەت ئازادكران". مەلا موشیر پێیوایە ئەوە دەبێتە جۆرێك لە هاندان و رێگاخۆشكردن بۆ ئەو كەسانەی ساختەكاری دەكەن.
مەلا موشیر باسی ئەو كاتانە دەكات كە ساختەكاران دۆلارەكانیان دەگۆڕنەوە "زۆربەیان بەرەو ئێوارە دێن، دەیانەوێ خێرا دۆلارەكەیان ساخ بكەنەوە و بڕۆن، بۆیە ئەگەر زۆر ئاگاداری خۆمان نەبین پێوەدەبین".
سەبارەت بە سەرچاوەی دۆلاری ساختە مەلا موشیر گوتی "زۆربەی دۆلاری ساختە لە ئێرانەوە دێت، بەشێكی كەمی لە توركیاوە دێت. لە ناوچەی پشدەر و بیتوێن دێت. جگە لەوەش خەڵكی خۆشمان هەیە كە دانیشتووی دەڤەری سۆرانە، كار بەو دراوە ساختەیە دەكات. ئافرەتم بینیوە پارەی ساختەی پێ بووە و ویستوویەتی بیگۆڕێتەوە".
تاهیر عوسمان، دۆلار ساختەی ئێستا بە "بۆمبی تەوقیتكراو" وەسفدەكات و دەڵێت "ئەو دۆلارە ساختەیەی ئێستا كەوتووەتە بازار، كێشەی زۆری بۆ دروستكردووین، زۆر بە وردی كاری لەسەر كراوە، زۆر بە ئاسانی بە ئامێری بچووك تێدەپەڕێ و نایخوێنێتەوە. تەنیا چەند ئامێری گەورە دەیخوێنێتەوە، نرخی ئەو ئامێرەش گرانە و بە 1300 دۆلارە، تەنیا چەند نووسینگەیەك ئەو جۆرە ئامێرانەیان هەیە". تاهیر عوسمان چەند 100 دۆلارێكی وەرگرتووە و نەیزانیوە ساختەیە، ئێستا بۆ جوانی بە دیواری نووسینگەكەی هەڵواسیوە.
بەپێی ئامارێك كە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران تایبەت دراوەتە (رووداو) تەنیا ساڵی رابردوو 29 پەڕاوی تایبەت بە دراوی ساختە لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كراوەتەوە و 30 كەس بە تۆمەتی تەزویركردنی دراو دەستگیركراون. هەروەها بڕی 270 هەزار دۆلاری ساختەش دەستی بەسەرداگیراوە.
نەقیب هاوار ئەرگۆشی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سۆران بە (رووداو)ی گوت "ئەو كەسانەی لەسەر دراوی ساختە گیراون، كورد و عەرەب و فارسیان تێدایە. هەندێكیان دادگایی كراون و حوكم دراون".
نەقیب هاوار ئاماژەی بەوەدا كە ساختەكاران زۆرترین هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی دراوە ساختەكانیان لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سۆران ساخ بكەنەوە، بەڵام بە دەگمەن لە داوی هێزە ئەمنییەكان رزگاریان دەبێ.
ئەرگۆشی باسی زۆرترین دراوی ساختە دەكات كە دەستیان بەسەرداگرتبێ و دەڵێت "ساڵی رابردوو باندێك بە یەكجار 150 هەزار دۆلاریان هێنایە بازاڕی سۆران، باندەكە 16 كەس بوون، 11یان دەستگیركران، بەڵام پێنجیان تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراون".
سەبارەت بە سەرچاوەی دراوی ساختەش، نەقیب هاوار گوتی "ئەو دراوە ساختانە كە زۆربەی دۆلارە، سەرچاوەكەیان بەغدا و ئێران و توركیایە".