رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆوەنزای باڵندە، هاوردەکردنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەخەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "بە مەبەستی خۆپاراستن، رێکار و پلانی زانستی دەگیرێتەبەر، بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی کە لەنێوان ئاژەڵ و پەلەوەر و مرۆڤدا هاوبەشن."
رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق بڕیاریداوە هاوردەکردنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی قەدەخە بکات، بە بیانووی ئەوەی کە نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووەتەوە."
ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لە رێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەخە کردووە.
لە راگەیێندراوکەدا هاتووە: "ئەم بڕیارە رێکارێکی خۆپارێزیی کاتییە، تاوەکو دۆخی نەخۆشیی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلۆنزای باڵندە پاکن."
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئامانج لەم بڕیارە پاراستنی کەرتی سامانی ئاژەڵی لە نەخۆشییە درمییەکان و پشتیوانیکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی."
بەڵام رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بەداوادچوونەکانماندا هیچ نەخۆشیەکی بەربەڵاو دەرنەکەوتووە، ئەوەی هەیە نەخۆشی گشتی و وەرزییە، ئەوەیش بە رێژەیەکی کەم."
بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی: "بڕیارە سبەی کاژێر 11:00 هەڵسەنگاندنێک بدەین بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەنجامی کۆتایمان لەبەر دەستە، ئەوە نییە کە عێراق لێیدەترسێت و سنوورەکانی داخستووە، بەڵام بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی خۆمان ئێمە بەردەوام دەبین لە پشکنین تاوەکو وەرزی سەرما کۆتایی دێت."
رابەر محەممەد داوا لە هاووڵاتیان دەکات، "دووربکەوەنەوە، لە کڕینی مریشکی سەر شەقامەکان و پاککردنەوەیان لەو دووکانانە." دەشڵێت، "ئێمە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان."
ساڵانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
عێراق ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی 350 هەزار تۆنە نزیکەی 650 تۆنی لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرد.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردوە، بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، بە تایبەتی لەو نەخۆشییانەی کە گوێزراوەن لە ئاژەڵ و پەلەوەرەوە بۆ مرۆڤ، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری تەندروستی، نوێنەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و پارێزگاری هەولێر لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان "ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو رێکارانە بوو کە ئەرکی لایەنەکان دیاری دەکات، لە رووبەڕوبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لەنێوان ئاژەڵ و پەلەوەر و مرۆڤدا هاوبەشن، هەروەها چۆنیەتی دانانی رێکار و پلانی زانستی بە مەبەستی خۆپاراستن."
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ