فوئاد حوسێن بۆ رووداو: شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە

27-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە. گوتیشی، رۆژی هەینی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق جارێکی دیکە لە بەغدا کۆدەبنەوە.
 
ئەمشەو، 27-01-2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە دامەزراوەی (نارام سین بۆ دیالۆگ و پەرەپێدان) لە کۆڕێکدا باسی لە گرنگترین دەستکەوتەکانی سیاسەتیی دەرەوەی حکومەتی عێراق کرد.
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لەبارەی مووچە و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسیاری لە فوئاد حوسێن کرد، وەزیری دەرەوە گوتی: "رۆژی شەممە پێش ئەوەی بچمە کۆڕەبەندی داڤۆس لە ماڵەکەمدا کۆبوونەوەیەکمان هەبوو لە نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەیشتنی باشمان هەبوو، وەزارەتی دارایی کۆمەڵێک زانیاریان ویست".
 
فوئاد حوسێن، گوتیشی: "وەزارەتی دارایی  فیدراڵی شاندێکیان ناردە هەرێمی کوردستان، هێشتا شاندەکە لەوێیە لەم رۆژانە تەواو دەبن. کۆبوونەوەی دووەممان رۆژی هەینییە، ئەویش هەر ماڵی من دەکرێت، پشتیوان بەخودا دەگەینە ئەنجام".
 
لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان فوئاد حوسێن، گوتی: "رێککەوتنمان لەسەر دەقێک کرد، رێكکەوتنێک بوو لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی پەسندی کرد و ناردمان بۆ پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای بودجە. ئەگەر ئەم دەقە لە یاسای بودجە بچەسپێت، ئەوا مانای وایە بودجە گۆڕانکاری بەسەردادێت و دەتوانرێت نەوت هەناردە بکرێتەوە".
 
پرۆژەیاسای هەمواری بودجە کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرابوو، لەلایەن پەرلەمانتارە شیعەکانی پارێزگاکانی خوارووی عێراق گرفتی بۆ دروستکرا و دەنگی لەسەر نەدرا. 
 
فوئاد حوسێن گوتی "جێگەی داخە لە کۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمان، ناکۆکی دروست بوو. ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەم هەبوو، باسی ئەو بابەتەمان کرد و بەم نزیکانە سەرۆکوەزیران لەگەڵ هەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین پێش دانیشتنی پەرلەمان بگەینە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی ئەم دەقە جێگیربێت. ئەگەر دەقەکە لە یاسای بودجە جێگیرکرا، ئەوکات نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە."
 
هەر سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و گوتی: "بۆم باسکرد، کە پەیوەندی بەیاسای بودجەوە هەیە، ئەگەر پەرلەمان دەنگی لەسەربدات، ئەوکات نەوت هەناردە دەکرێتەوە".
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق هیودارە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا ئەو دەقە پەسند بکرێت، کە پێشتر لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، رێککەوتنی لەسەرکراوە، بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.  
 
هەر لە قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق باسی کەمپی هۆلی کرد و گوتی، عێراق پرۆژەیەکی هەیە، ئەوانەی عێراقیین پەیتا پەیتا بهێنرێنەوە کەمپی  جەدعە لە باشووری موسڵ. ئەوە بەشەی پەیوەندی بە عێراقییەکانەوە هەیە چارەسەری بکەن، بەڵام بەشەکەی دیکە، کێشەیەکی گەورەیە، چونکە خەڵکی ناعێراقی و بیانی تێدایە، پەیوەندی بە وڵاتانی دیکەوە هەیە.
 
عێراق زیاتر لە 10 هەزار کەسی لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە.
 
کەمپى هۆل لە سنووری شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستانە و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە.  لە کۆى نزیکەى 40 هەزار کەسی کەسوکارى چەکدارانى داعش کە لەو کەمپەدان، نزیکەى 20 هەزاریان عێراقین.
 
دواى گەڕاندنەوەیان، ئەو کەسانە دەبرێنە کەمپى جەدعە لە باشووری شارى موسڵ بۆ ئەوەى ئامادە بکرێن تاوەکو بگەڕێندرێنەوە زێدى خۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە