ئابووری

دوو خانەنشین لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی مووچەکانیان، وێنەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی رووداو وەرگیراوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
مانگی تەممووزی 2024، بۆ یەکەمجار خانەنشینانی شارستانیی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، بەهاوتاکراوی مووچەیان وەرگرت، بەڵام هاوتاکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازیی نەگرتووەتەوە. وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "ئەم پڕۆسەیە رێکار و کاتی زۆری دەوێت، بەڵام دڵنیایی دەدەین بەشێکی زۆری چارەسەر دەبێت."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
رۆژی دووشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یاسای خانەنشینیی سەربازیی عێراق ژمارە 3ـی ساڵی 2010، پێویستی بە کاتە، چونکە رێکاری زۆری پێویستە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە و بەشێکی زۆری کێشەکانی خانەنشینانی سەربازی چارەسەر دەکات."
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "ساڵانێکە خانەنشینانی سەربازی شایستە داراییەکانی خزمەتی راژەیان وەرنەگرتووە؛ ئەمە ناحەقییە بەرامبەریان، بەڵام ئەم یاسایە بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکات."
یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینانی یەکگرتوو چییە؟
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینیی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا، 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لەبارەی کێشەکەوە شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "ئەم کێشەیە ماوەیەکی زۆرە هەیە، بەهۆی نالەباریی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق سەریهەڵداوە ."
نێوەڕۆکی کێشەکان:
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024، جێبەجێ نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاوتانەکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق، پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و عێراق هاوتاکردنەکەی رەتنەکردووەتەوە.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراوە، مووچەیان لە 200 تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
هەروەها ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتیان بۆ زیاد دەکرێت، ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ