رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، پار هەنگوین بەراورد بە ساڵی پێش خۆی 21 تۆن کەمتر بووە. بەڕێوەبەری پاراستنی رووەک لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بەهۆی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواوە هەنگوین لە ناوچە شاخاوییەکان کەمی کردووە."
هەنگوین لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە جیاوازە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2017دا 450 تۆن و لە ساڵی 2018دا 100 تۆن بەرهەم هەبووە؛ لە ساڵی 2019دا زیادیکردووە بۆ 500 تۆن؛ لە ساڵی 2020یشدا نزیکەی 500 تۆن هەنگوین هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2021 زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 700 تۆن.
رۆژی دووشەممە، 27ی کانوونی دووەمی 2025 شيلان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پاراستنی رووەک لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پار بەراورد بە پێرار هەنگوین کەمیکردووە. هۆکاری سەرکییش کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوایە."
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی 2023ـدا 664 تۆن هەنگوین لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هێندراوە. بەڕێوەبەری پاراستنی رووەک لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "پار 21 تۆن کەمی کردووە، واتە 643 تۆن بووە."
لەبارەی هۆکاری کەمبوونیش، شيلان عەبدولڕەحمان گوتی، "لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانی زۆر بەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا هات. لە ناوچە شاخاوییەکان هەنگوین زۆر کەمی کرد. بۆ نموونە، ئەو لێزمە بارانانەی لە ناوچە شاخاوییەکان بارین کاریگەریی زۆریان هەبوو."
پار زۆرترین بڕی هەنگوین لە پارێزگای هەولێر بوو کە 129 تۆن بوو. بەڕێوەبەری پاراستنی رووەک لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بە گشتی لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەنگوین کەمیکردووە."
لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار و343 هەنگەوان هەن کە زیاتر لە 364 هەزار و 785 پوورەی هەنگیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ