بانکی ناوەندیی تورکیا پێشبینی هەڵاوسانی بۆ 23.2% بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی تورکیا پێشبینی رێژەی هەڵاوسانی بۆ کۆتایی ساڵی 2022 لە 11.8%ەوە بۆ 23.2% بەرزکردەوە. 
 
شەهاب کاڤجیئۆغڵوو، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2022 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە راپۆرتی پێشبینی هەڵاوسانی بۆ ساڵی 2022 ئاشکراکرد. 
 
شەهاب کاڤجیئۆغڵوو رایگەیاند، پێشبینی هەڵاوسانمان بۆ کۆتایی ساڵی 2022  لە 11.8% ـەوە بۆ 23.2%  بەرزکردەوە. پێشبینی دەکەین هەڵاوسان لە کۆتایی 2023 دا 8.2% و لە کۆتایی 2024یشدا 5% بێت.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵکشانی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکان لە شەوی 20ی کانوونی یەکەمی 2021 کاتێک سەرۆککۆمای تورکیا چەند بڕیارێكی لەبارەی مامەڵەکردن بە لیرە راگەیاند و دواتر بەهای لیرە بە رێژەی 33% بەرزبووەوە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا گوتی، لە 20ی کانوونی یەکەمی 2021 بانکی ناوەندی یەک قروشی لە یەدەگی دراو نەفرۆشتووە. 
 
شەهاب کاڤجیئۆغڵوو ئاماژەی بەوەدا، ئەو شەوە کاتێک ئەردۆغان قسەی کرد، هاووڵاتییان دۆلار و دراوی بیانییان فرۆشت، بەو شێوەیە بەهای دراوی بیانی بەرامبەر بە لیرەی تورکی دابەزی.