نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دوای گوتاری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ 1813 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردبوو کاتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ هاتووە بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و دابەزینی زێڕ.

لە کاتێکدا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نرخی زێر بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە بوو و هەروەها نرخەکەی گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی، بەڵام دوای گوتارەکەی جیرۆم پاوڵ نرخی زێڕ بەخێرایی ئاراستەی گۆڕی و روو لە دابەزین کرد.
 
نرخی زێڕ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 27-1-2022 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.86٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1813 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی چوارشەممە 26-1-2022 نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.5٪ بەهاکەی دابەزی بوو.
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی ڤایرۆسی جۆری ئۆمیکرۆن و تووندبوونی کێشە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە ئۆکراینا و رووسیا نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە کردبوو، بەڵام ئاراستەی نرخی زێڕ بە تووندی گرێدراوی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکایە سەبارەت بە چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە وڵاتە.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کە بەپێی شرۆڤەکاران هەرچەندە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کاتەکەی بە دروستی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام ئەگەری هەیە لە مانگی 3 رووبدات، بەشێوازی راستەوخۆ بەهای دۆلار بەرزدەکاتەوە و بەهای کاڵا و کانزاکان دادەبەزێنێت.
 
وتارەکەی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا کاریگەری گەوری لەسەر بازاڕەکانی جیهان دانا و بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا و ئاسیای دابەزاند. بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزکردەوە.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان و سەقامگیرکردنی بازاڕەکان پێویستە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی گۆڕانکاری تێدابکرێت و ئابووریی ئەمریکا ئامادەیە بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەبێ ئەوەی بازاڕی کار زیانی بەرکەوێت.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە دەزانین رەوشی ئابووری ئێستا زۆر جیاوازە لە رەوشی ئابووری ساڵی 2015 ئەو کاتەی کە دەستمان بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کرد. بەتایبەتی ئابووری ئێستا زۆر بەهێزە، بازاڕی کار لەوەش بەهێزترە. هەڵاوسان بەرزترە لە 2٪ کە ئامانجی بانکی ناوەندییە. هەموو ئەو جیاوازییانە بەو مانایەیە کە دەبێت گۆڕانکاری لە سیاسەتەکاندا بکرێت."
 
دوای گوتارەکەی بانکی ناوەندی بەهای بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا بەڕێژەی 10٪ دابەزی. دابەزینی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بووە هۆکاری دابەزینی بەرچاوەی بەهای بازاڕەکانی بۆرسەی ئاسیا. بەهای بازاڕی بۆرسەی ژاپۆن بەڕێژەی 2٪، بۆرسەی کۆریای باشوور و ئۆسترالیا بەڕێژەی 3٪ و بۆرسەی هۆنگ کۆنگ بەڕێژەی 2.2٪ دابەزین.
 
فرانسیس لیۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری جیۆسیکیۆریتی دەڵێت "بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاریگەری گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد. بڕیارەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەردەمی سوودی بانکی زۆر کەم کۆتایی پێهاتووە و هەموو بانکە ناوەندییەکانی دیکەش دەست دەکەن بە شەڕی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەجیاتی ئەوەی پاڵپشتی ئابووری بکەن. ئەمە وەک شەپۆلێک دەبێتە دیاردەیەکی جیهانی. ئاشکرایە سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە، بەهای بۆرسەکان دادەبەزن."
 
هەرچەندە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاتی دروستی بەرزکردنەوە و رێژەی بەرزکردنەوەی بەدروستی رانەگەیاند، بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە مانگی 3 ئەو کاتەیە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ بەرزدەکاتەوە. ئاماژەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەهای زێڕ و نەوتی خاوی دابەزاند کە لە بەرزترین ئاستەکانی خۆیان مامەڵەیان پێوەدەکرا.