پرۆژەی قەرزی بچووک ئامادەیە و چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایگەیاند هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک کردووە و چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
 
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رادیۆی رووداودا رایگەیاند بۆ پێدانی قەرزی بچووک تەنیا سوود لەو داهاتە وەردەگرن کە پێشتر بە گەنجانیان داوە، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لەسەر وەزارەتی دارایی و حکومەت دروستبکەن.
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووک، ئارام ئەنوەر گوتی: "چاوەڕواندەکرێت دوای مانگی ئادار  قەرزی بچووک دەستپێبکاتەوە".
 
ئەو کەسەی قەرزی بچووک وەردەگرێت، دەبێت تەمەنی لە نێوان 16 بۆ 35 ساڵ بێت، نابێت کارمەندی کەرتی گشتی یان تایبەت بێت، بیرۆکەیەکی باشی هەبێت، دوای پەسەندکردنی بیرۆکەکەی خولێکی راهێنانی بۆ دەکرێتەوە، ئینجا پارەکەی دەدرێتێ.
 
بڕی قەرزەکە بەگوێرەی پرۆژەکان لە یەک ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 15 ملیۆن دینار. قەرزەکە نادرێتە ئەو کەسانەی پێشتر سوودمەند بوون.
 
ئارام ئەنوەر دەڵێت: "ئەولەویەتی پێدانی قەرزەکە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانە کە تاوەکو ئێستا دانەمەرزاون و دواتر خاوەن پێداویستی تایبەت".
 
ژمارەیەک لەوانەی قەرزی بچووکیان وەرگرتووە، تائێستا قەرزەکەیان نەگەڕاندووەتەوە، تائێستا چەند جارێک وادەی گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان بۆ درێژکراوەتەوە، 1-3-2021 دوایین وادەیە بۆ دانەوەی قەرزەکان.
 
ئارام ئەنوەر گوتی: "ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا قەرزەکە نەگەڕێننەوە، ئه‌و مووچەخۆرەی بووەتە بریكاری قەرزوەرگرەکە، مووچه‌كه‌ی راده‌گیرێت تاوەکو قەرزوەرگرەکە قه‌رزه‌كه‌ ده‌داته‌وه". گوتیشی: "هەر کەسێک تاوەکو 1ی ئادار سەرجەم قەرزەکەی بداتەوە، حکومەت لە 15%ی قەرزەکەی خۆشدەبێت".
 
بەپێی ئاماری پرۆژەی قەزری بچووک، تاوەکو ئێستا 8 هەزار و 666 کەس لە قەرزی بچووک سوودمەند بوون،  86 ملیار و 650 ملیۆن دراوەتە ئەو گەنجانەی پرۆژەیان هەبووە. زیاتر لە 44 ملیار و 200 ملیۆن دیناریان داوەتەوە. 300 گەنجیش سەرجەم قەرزەکانیان داوەتەوە.