وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتال یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، لە میانی واژۆکردنی یاداشتەکە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: عێراق سوورە لەسەر هاوکاریی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە، 
تاوەکو ئامانج و پلانی داهاتوویان بەدیبهێنن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاداشتە بەرهەمی زنجیرەیەک گفتوگۆ و دانوستاندنە، کە شەش مانگ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، بە ئامانجی گەیشتن بە هاوکاریی نمونەیی بۆ دەستەبەرکردنی پلانی وەزارەت، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی نەوت و وزە بەتایبەتی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەوانە گاز و بەرهەمهێنانی وزەی پاک.
 
پەیوەندیی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ پەیوەندییەکی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی رابردوو، کاتێک کۆمپانیا فەرەنسییەکە بەشداریی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بابەگوڕگوڕی کەرکووکی کردووە. پاتریک پۆیانییە، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو هاوکارییە لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا نیشتمانییەکان.
 
بە گوتەی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ، ئەوان خواستی هاوکاری و هاوبەشی راستەقینەیان لەگەڵ عێراق هەیە، خوازیاریشن ژمارەیەک گرێبەستی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و وزە لە ماوەکانی رابردوودا واژۆبکەن، لەوانە وەبەرهێنانی گاز و گۆڕینی بۆ وزەی باش و گونجاو بە بڕێکی زیاتر لە رابردوو. 
 
ئێوارەی دوێنێ 26/1/2021 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پاتریک بویانیە و شاندی یاوەری کۆبووەوە و چۆنیەتی فراوانکردنی کار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکەیان لە عێراقدا تاوتوێکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، عێراق ژینگەیەکی تەندروستی بۆ کار و وەبەرهێنان دابینکردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی کاری کۆمپانیاکە لە عێراق و فراوانکردنی وەبەرهێنانیان تاوتوێکردووە لەوانەش لە کەرتی وزەدا، بەتایبەتی نەوت و گاز.
 
کازمی لەبارەی کاری کۆمپانیا جیهانییەکان لە عێراق رایگەیاند: حکومەت ژینگەیەکی لەباری بۆ کاری گەورە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی جیهانی و بەتایبەتیش کۆمپانیا فەرەنسییەکان دابینکردووە، ئەمەش ئاڕاستەیەکی سەرەکییە لە سیاسەتی کرانەوەی ئابووری عێراقدا بە رووی هاوبەش نێودەوڵەتییەکانی وەک فەرەنسا.