نێچیرڤان بارزانی: دۆخی دارایی گەورەترین مەترسییە لەسەر کوردستان

27-01-2016
دەرباز ساڵح
...
...
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی قەیرانی دارایی
A+ A-

رووداو- هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، دۆخی دارایی گەورەترین مەترسییە لەسەر کوردستان، داواش لە وڵاتانی جیهان دەكات پشتگیری دارایی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە لە شەڕی داعش سەخترە.

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا کە لە کۆنفرانسی نەخشەڕێی چاکسازی و تازەگەری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریدا پێشكەشیكرد، رایگەیاند ئەوان بەهۆی قەیرانی داراییەوە سیاسەتی فریاگوزاری تەقەشوفی دارایی جێبەجێ دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانبەرانی حکومەت کەمتر لە مووچەی تەواوی خۆیان پارە وەردەگرن، ئەو پارەیەشی کە لەلای حکومەت پاشەکەوت دەکرێت لە داهاتوودا بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.

لەبارەی نەخشەڕێی چاکسازی و تازەگەری لە وەزارتی دارایی، نێچیرڤان بارزانی گوتی " نەخشەڕێیەکە لە سەرەتایی ساڵی رابردوودا دەستیپێکردووە و ئامانجیش لێی بەرزکردنەوەی ئاستی وەزارەتەکەیە لە بەڕێوەبردنی دارایی و سەقامگیری ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام، بە جێبەجێکردنی پلانەکان وەزارەتی دارایی دەبێتە نموونەیەک بۆ چاکسازی دارایی".

بارزانی هەروەها گوتی " حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی فراوانی بۆ سەرمایەگوزاری بیانی رەخساندووە، هەروەها زۆر دەرفەتمان لەدەستچوو و نەمانتوانیوە لەکاتی گونجاودا سوودیان لێوەربگرین". وێڕای ئاماژەكردن بەوەی حکومەتی عێراق کەمترین هاوکاری ئاوارەکانی کردووە، سەرۆكی حكومەت جەختیكردەوە كە دابەزینی نرخی نەوت زۆر لە پلانەکانی شێواندوون و بەرنامەکانی حکومەتی پەکخستوون.

سەرۆكی حكومەت داوای خۆڕاگری لە هاونیشتمانیانی باشووری كوردستان كرد و مژدەی ئەوەشی دا" داعش تێکدەشکێنین و کوردستان هەنگاوی گەورە دەنێت، رۆژێک دێت دەبینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە