نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 80 دۆلار دابەزی

26-12-2023
نیشانەکردن نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی. بەپێی شرۆڤەکاران ئەگەری دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی نەوت لەڕێرەوی ئاویی دەریای سوور، هۆکارەکەیەتی.
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) 26 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش سێ سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شرۆڤەکاران باسی ئەوە دەکەن ئەگەری دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی نەوت لەڕێرەوی ئاویی دەریای سوور، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە.
 
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەهۆی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە هەڕەشەی حوسییەکان لە دەریای سوور بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بەرێژەی 3٪ بەرزبووەوە، بەڵام کۆمپانیای مایرسیک تایبەت بە گواستنەوەی دەریایی رایگەیاند کە دەست بە بەکارهێنانی رێگەی ئاوی دەریای سوور دەکاتەوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی نوێ بۆ پاراستنی دەریای سوور بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە.
 
لەلایەکی دیکەشەوە ئێران رەتیکردووەتەوە لە پشت هێرشێک بێت کە کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە زەریای هیندی.
 
گەشبینیی بازرگانانی نەوت بە کەمکردنەوی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بووەتە هۆکاریش بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دابەزینی نرخی نەوت سنووردار بێت.
 
دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەبێتە هۆکار بۆ گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە