نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 2063 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ لە 2052 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 2063 دۆلار، بەو پێیەش بەڕێژەی لەسەدا 0.5 بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بە ئەستەم توانی بگاتە 2070 دۆلار، بەڵام پاش چەند کاژێرێک پاشەکشەی کرد بۆ نزیکەی 2052 دۆلار.
بڵابوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا لە ئەمریکا گەشبینی لای بازرگانان دروستکردووە بەوەی، دابەزینی رێژەی هەڵاوسان هاوتەریبە لەگەڵ پلانەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە لە ساڵی داهاتووەوە بانکەکە بەرەو کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەڕوات و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ.
تای وانگ، بازرگانێکی سەربەخۆی زێڕ لە شاری نیویۆرک رایگەیاند، دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 2100 دۆلار.