سێ گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک پڵەس لە بەغدا کۆدەبنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کەسی یەکەمی کەرتی وزەی رووسیا و سعودیە لە بەغدا کۆبووەوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا و عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی بازاڕی وزەی جیهان، بەرهەمهێنانی نەوت و پڕکردنەوەی ئەو خواستە کراوە کە لەسەر نەوت هەیە.
 
هەرسێ بەرپرسەکەی سێ گەورەترین ئەندامی ئۆپێک پڵەس جەختیان لەسەر پاراستنی سەقامگیری و نرخی گونجاو بۆ نەوت کردووەتەوە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی یەکی ساڵی داهاتوو کۆببێتەوە.
 
ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی 5 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمکردووەتەوە. بڕیاربوو لە مانگی رابردووەوە دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بکات، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بڕیارەکەی دواخست.
 
بەپێی بەشێک لە سەرچاوەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە، لەوانەیە ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی یەکی ساڵی داهاتووش وەک ئێستا بهێڵێتەوە.
 
عێراق، رووسیا و کازاخستان لە دیارترین ئەو ئەندامانەی ئۆپێک پڵەسن کە تاوەکو ئێستا بە تەواوی پابەندی ئەو ئاستەی بەرهەمهێنانی نەوت نەبوون کە بۆیان دیاریکراوە و زیاتریان بەرهەمهێناوە.
 
هەرچەندە ئۆپێک پڵەس رۆژی 3ـی ئەم مانگە ئاماژەی بەوە کرد، 8 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس، لەنێویاندا عێراق تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبن لە خۆبەخشانە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام عێراق هێشتاش رۆژانە لەسەروو ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریکراوە بەرهەم دەهێنێت کە 4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە.
 
لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا کۆی ئەو بڕەی عێراق زیاتر بەرهەمیهێناوە لەوەی ئۆپێک پڵەس بۆی دیاریکردووە، گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 184 هەزار بەرمیل.
 
ئەگەر عێراق بە تەواوی پابەندی بەرهەمهێنانی نەوت بێت و بڕواتە ژێرباری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لەم مانگەوە تاوەکو سەرەتای بەهاری داهاتوو، رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە