بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە. ئەمڕۆ 100 دۆلار بە دراوی 25 هەزار دیناری گەیشتە کەمتر لە 150 هەزار دینار.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 700 دینار بوو بە دراوی 25 هەزار دیناری، بە دراوی 5 هەزار دیناریش 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار بوو.
بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر 150 هەزار و 350 دینار بوو بە دراوەکانی 25 هەزاری و 5 هەزار دیناری.
کەیفی خۆشناو دەڵێت، ئەم نرخەی ئەمڕۆ بەرزترین ئاستی نرخی دینارە بەرامبەر دۆلار لە نزیکەی سێ هەفتەی رابردوودا، هۆکارەکەشی زیادبوونی خستنەڕووی دۆلارە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لەم مانگەدا.
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر 150 هەزار و 150 دینار بوو بە دراوی 25 هەزار دیناری، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە هەمان دراو بە 150 هەزار و 800 دینار بوو.
رەوەز میرزا گوتیشی، لە کاتی کردنەوەی بازاڕیش 100 دۆلار بە دراوی 5 هەزار دیناری بە 150 هەزار و 500 دینار و لە کاتی داخستنیشدا بە 150 هەزار دینار بوو.
بۆ ئەو حەواڵەیەی رۆژانە بازرگانان دەیکەن، بانکەکان داوا دەکەن ئەو دینارەی کە بە نرخی فەرمی [132 هەزار دینار بەرامبەر بە 100 دۆلار] لە لایەن بازرگانانەوە بۆیان دەبرێت بۆ حەواڵەکردن، بە دراوی 25 هەزار دیناری [و 50 هەزار دیناری] بێت. ئەوە وایکردووە خواستی بازرگانان زیاتر لەسەر دراوی 25 هەزار دیناری بێت.
بۆیە کاتێک بازرگانان دۆلار بە دینار دەگۆڕنەوە، 25 هەزارییەکە گرانتر لەسەریان دەکەوێت. ئەمە هۆکاری جیاوازیی نرخی دۆلارە بەرامبەر بە جۆر و بڕە جیاوازەکانی دینار.
نزیکەی مانگێکە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار جێگیرە و 100 دۆلار بە 150 بۆ 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلاری بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە و زۆرینەی رۆژەکان زیاتر لە 280 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، لەکاتێکدا مانگی پێشوو رۆژانە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە.
ئەمڕۆش بانکەکە 288 ملیۆن و 106 هەزار و 339 دۆلاری خستە بازاڕەوە. لەو بڕە، 8 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش و 279 ملیۆن و 606 هەزار و 339 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە.
ئەمە بە هۆکارێکی سەرەکیی جێگیربوونی دینار بەرامبەر بە دۆلار لەم مانگە و بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخەکەی دادەندرێت.