کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چین؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق باسی هۆکارەکانی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "بەپێی یاسای بودجە، هەرێمی کوردستان دەبێ ساڵانە قەرزی بانکی بازرگانیی عێراقی بداتەوە، کە زیاترە لە ترلیۆنێک دینار، بەڵام نەدراوەتەوە. تەیف سامی-ش بە یەکجار هەموو پارەکەی داشکاندووە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکان."
رۆژی سێشەممە، 26-11-2024، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵەی دادگەری، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، باسی کۆبوونەوەکەیانی کرد لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و گوتی، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بۆ دابەشکردنی مووچە و بەجێکردنی مووچە کۆبوونەوەتەوە و بەڵام "بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە."
سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 25-11-2024 سەردانی سەرۆکی دادگەی فیدڕاڵییان کرد و لەگەڵیدا لەسەر چەند پرسێک بە تایبەت "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان" کۆبوونەوە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، "هەندێک شرۆڤەی جیاوازیش بۆ هەندێک بڕگە و مادەی بڕیارەکە کراوە، ئەم دادگەیە دادگەیەکی دەستوورییە و خۆی خاوەنی بڕیارێکە کە دەبێت بەرگری لە بڕیارەکەی بکات بۆ جێبەجێکردنی. ئێمە داوامان لە سەرۆکی دادگە کرد، هاوکاربێت تاوەکو شرۆڤەی جیاواز بۆ بڕیارەکە نەکرێت."
بۆچی لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، سکاڵا لەسەر وەزیری دارایی تۆمار ناکرێت، سۆران عومەر روونیکردەوە کە "چەند کەسێک سکاڵایان کردووە، بەڵام سکاڵاکان رەتکراونەتەوە". گوتیشی: "هاووڵاتی ناتوانێت سکاڵا تۆماربکات، چونکە بەڵگەکان بەهێز نین، داهاتی نێوخۆ رادەست نەکراوە، مووچە بەجێنەکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق قسەی زیاتری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان."
وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی نەناردنی پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەداوە. سۆران عومەر دەڵێت: "راستە وەزیری دارایی بێدەنگە، بەڵام نووسراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی دارایی و نێوان هەردوو حکومەت، شتی زۆر وردیان تێدایە، بەداخەوە کە هیچیان زانیاریی ورد و دروست نادەن بە خەڵكی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا دەبوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راستییەکان بە خەڵک بڵێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە "کەسی شارەزایان لە بواری ئابووری نییە" و بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە دەڵێت، بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو بنێرێت.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکردووە، "[وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان] کاتێک ناردوویەتی، حیسابی ئەوەی نەکردووە دۆخی ئێستا، دۆخی دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییە، لەم تەرازووی پێداچوونەوەیەدا خەرجییەکانی زیاد لە دەسەڵاتی خۆی تۆمارکردووە و ناردوویەتی بۆ بەغدا."
"لە مانگی 10 وەزیری دارایی هەموو تەرازووی پێداچوونەوەکانی هێناوە، تێبینیەکانی کۆکردووەتەوە، حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] چەندە خەرجیی هەیە لەسەر داهاتی نێوخۆ، هەمووی بۆ کۆکردووەتەوە، هەمووی داشکاندووە لەو پارەیەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە هەیەتی و لەسەری هەژمارکردووە، بێ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان شارەزایەکی هەبێت ئاگای لەوە بێت، ئێستا هەموو خەرجییەک لەچوارچێوەی یاسای بودجە دایە." ئەمە بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری.
سۆران عومەر گوتی: "خاڵێکی دیکە ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە، ساڵانە دەبێت قەرزی بانکی بازرگانیی عێراقی بداتەوە، ئێستا وەزیری دارایی هاتووە، قەرزەکەی کە سەرووی ترلیۆنێک دینارە، لە حکومەتی هەرێمی داشکاندووە، کە مووچەی مانگێکە".
لەبارەی شێوازی هەژمارکردنی قەرزی بانکی بازرگانیی عێراق و داشکاندنی لەلایەن عێراقەوە، سۆران عومەر روونیکردەوە. "بەپێی یاسای بودجە، لەماوەی ساڵێکدا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان تریلیۆنێک و کەسرێک لە قەرزی TBI بداتەوە، کە نەدراوەتەوە، وەزیری دارایی هەمووی بە جارێک داشکاندووە."
بە گوتەی سۆران عومەر: "بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمیش گلەیی نەبێت و بابەتەکە یاسایی بێت، گواستنەوەی لە بابەتە بەگەڕخستنەکەی نێو خشتەکانی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "تاوەکو ئەمرۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان 540 ملیار دینار قەرزی ماوە. ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو گواستنەوەیە دەداتەوە بۆ ئەوەی بچێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام پێموایە وەزیری داراییش خۆی بۆ ئەوە ئامادەکردووە، کە وەڵامی هەبێت ئەگەر بابەتەکەی رووبەڕوو کرایەوە".
چارەنووسی مووچەی مووچەخۆران و هەناردەکردنەوەی نەوت
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی دووشەممە، سەرۆکی دادگەی فیدڕاڵی بەڵێنیداوە بەدواداچوون بکات و پێی گوتوون کە "نابێت بە هیچ پاساوێک پێدانی مووچە رابگیرێت. هیوادارم ئەو دیدارەی دوێنێمان و ئەو بەڵێنەی سەرۆکی دادگە پێی داین بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی قسە بکات، تاوەکو بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت".
سەبارەت بە بابەتی ناردنی مووچە، سۆران عومەر پێیوایە رێگەیەکی دیکەی چارەسەری ئەوەیە ئاخۆ "حکومەتی هەرێمی کوردستان تاچەند دەتوانێت لە رێگەی وەزیرەکانیانەوە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بگەیەنێتە ئەو بڕوایەی، بابەتەکە بەو شێوەیە نەڕوات".
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە 25-3-2023ـەوە راگیراوە، تاوەکو ئێستا عێراق و تورکیا ئەوەیان راگەیاندووە؛ لارییان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت نییە، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کێشەیان لە کەمیی ئەو نرخەی بۆ تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردن دانرابوو، هەبوو.
ئەم بابەتە بووەتە "خاڵێکی گەورە"ی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تاوەکو رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیێکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری بکرێن. چاوەڕێ دەکرێت ئەم بابەتە ببێتە دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەموارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان هەبووە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری رایگەیاند، "کە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی هەموارەکە کرا، دەردەکەوێت، هەرچەندە پەرلەمان لە 9-12 دەکەوێتە پشووی یاسادانان، بە دڵنیاییەوە تێچووی بەرهەمی بەرمیلێک نەوت کە لای ئەوان 6 دۆلارە و لای ئێمە کراوەتە 16 دۆلار، تێبینییان دەبێت. هەروەها دەبێت لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ دیاریکردنی تێچووی گواستنەوەش، ئەگەر هەرێم و کۆمپانیاکان رازی نەبوون لە ماوەی 60 رۆژ کە دیاریکرا، ئەوکات ئەنجوومەنی وەزیران خۆی بڕیاردەدات، ئەوکات هەرێمی کوردستان بەو بڕیارە پابەند دەبێت. ئەوەش پێشهاتێکی تازەیە کە لە 2025 رووبەڕووی دەبینەوە، پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکان بە کێشەی نوێ دەسپێرێت و بابەتەکە درێژدەبێتەوە".
هەڵوێستی عێراق لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە
چەند رۆژێکە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بووەتە باسی گەرمی شەقامی عێراق و نێوەندە سیاسییەکان. سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کردووە بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل. باس لەوە دەکرێت عێراق پەنای بۆ ئەمریکا بردووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل رابگرێت لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: "هۆشداری هەیە بۆ هەندێک شوێن کە بکرێنە ئامانج، بەڵام هەوڵەکانی عێراق بۆ ئەوەیە لەو جەنگەوە نەگلێت کە لوبنانی گرتووەتەوە."
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە راگرتنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمریکییەکانیش رۆڵیان هەیە لەوەی وەکو لوبنان مامەڵە لەگەڵ عێراق نەکرێت، هەرچەندە عێراق خۆی بە بەشێک لە بەرەی مقاوەمە دەزانێت و لە مانگی 12ـەشەوە 1٪ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق، دەبڕێت و بە ناوی غەززە و لوبنان دەخرێتە سندووقێکەوە".
سۆران عومەر بە دووری دەزانێت لەسەر چالاکی ئەو گرووپانە، پەرلەمان بتوانێت بانگهێشتی حکومەت بکات و گوتی: "ئەو گرووپانە هەموویان پەرمانتاریان هەیە، ئەوە قورسە و ناکرێت. بەشێکیان سەرئێشەن بۆ خودی عێراق".