ترەمپ دەڵێت پێناسی گومرگی لەسەر چین، کەنەدا و مەکسیک زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، پێناسی گومرکی لەسەر ئەو کاڵایانە زیاد دەکات کە لە مەکسیک، کەنەدا و چینەوە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن.
ئەم پلانەی دۆناڵد ترەمپ، کاردانەوەی خێرای چینی بەدواداهات. پەکین دەڵێت "کەس لە جەنگی بازرگانی دا، سەرکەوتوو نابێت."
لە زنجیرە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، ترەمپ بەڵێنی دا پێناسی گومرکی لەسەر هەموو کاڵایەک زیادبکات، کە لەو سێ وڵاتەوە هەناردەی وڵاتەکەی دەکرێن.
چین، مەکسیک و کەنەدا لە هاوبەشە بازرگانییە هەرە گەورەکانی ئەمریکان، کە ترەمپ دەیەوێت پێناسی گومرگیان لەسەر زیاد بکات.
ترەمپ نووسیویەتی "لە 20ـی کانوونی دووەم، وەک یەکێک لەو فەرمانە جێبەجێکارییە زۆرانەی دەریاندەکەم، واژۆ لەسەر بەڵگەنامەی پێویست دەکەم بۆ ئەوەی پێناسی گومرگی بە رێژەی 25٪ بەسەر هەموو بەرهەمێکی مەکسیک و کەنەدا بسەپێنم، کە دەهێنرێنە نێو ئەمریکا."
لە پۆستێکی دیکەدا، ترەمپ دەڵێت، پێناسی گومرگی بە رێژەی 10٪ بەسەر بەرهەمەکانی چیندا دەسەپێنێت.
ترەمپ دەڵێت، هۆکاری زیادکردنی پێناسی گومرکی ئەوەیە؛ ئەو سێ وڵاتە نەیانتوانیوە کۆتایی بە بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەری فێتانیل بۆ نێو ئەمریکا بهێنن.
پێناسی گومرکی ئەو باجەیە کە حکومەت دەیخاتە سەر ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.
بەشێکی گەورەی پلانی ئابووریی ترەمپ خۆی لە سەپاندنی پێناسی گومرکیدا دەبینێتەوە. ئەو، بەڵێنیداوە باج لەسەر یار و نەیار زیاد بکات.
چین و کەنەدا هەر زوو کاردانەوەیان هەبوو. هەریەکەیان دەڵێت، پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا "بۆ هەردوولا سوودبەخشن."
لیو پێنگیو، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "هیچ کەس لە جەنگی بازرگانیدا سەرناکەوێت. چین بڕوای وایە پێکەوەکارکردنی ئابووری و بازرگانیی ئەمریکا و چین، لە قازانجی هەردوولادایە."
کەنەداش وەبیری ترەمپی دەهێنێتەوە؛ وڵاتەکەیان بۆ دابینکردنی وزە بۆ ئەمریکا "زۆر پێویستە"، جەختیش لەوە دەکاتەوە پەیوەندییە بازرگانییەکەیان لە قازانجی کرێکارەکانی ئەمریکادایە."
کریستیا فریلاند، جێگری سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "بێگومان ئێمە بەردەوامدەبین لە تاوتوێکردنی ئەم پرسانە لەگەڵ ئیدارەی داهاتوو."
ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا سیاسەتی تووندی ئابووری بەرامبەر چین، مەکسیک، کەنەدا و ئەورووپا گرتەبەر.
ئەو کات (2017-2021) ترەمپ جەنگێکی بازرگانی لەگەڵ چین راگەیاند و بە ملیاران دۆلار پێناسی گومرکی خستە سەر کاڵاکانی ئەو وڵاتە.
ترەمپ پێیوابوو نادادپەروەری لە بازرگانیدا هەیە، بیرۆکەی داهێنانەکانی ئەمریکا دەدزرێن و ناهاوسەنگی لە هاوردە و هەناردەدا هەیە.
لەبەرامبەردا چین، بە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای ئەمریک، وەڵامی ئیدارەی ترەمپی دایەوە، کە ئەوە بە دیاریکراوی زیانی بە جووتیارانی ئەمریکا گەیاند.
ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا رێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان هەیە کە تەمەنی سێ دەیەیە و لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی ترەمپدا دووبارە گفتوگۆی لەسەرکرایەوە و گۆڕانکاریی تێدا کرا، چونکە ترەمپ گلەیی ئەوەی دەکرد، کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا کاردەکەن، زیانمەندن.
ویندی کەتلەر، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی Asia Society Policy، پێیوایە ترەمپ هەرچەند گوشاریش بخاتە سەر مەکسیک و کەنەدا، ناتوانن خۆیانی لێ بێمنەت بکەن، چونکە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان بەشێوەیەکی گەورە پشت بە بازاڕی ئەمریکی دەبەستن.