نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەک دابەزی؛ چاوەڕێی چی دەکرێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ نزیکەی 6 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەکدا بەرزبووەوە و لە نزیکەی 2630 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، دوای دابەزینە زۆرەکەی رۆژی رابردووی.
 
بەرزبوونەوەی کەمەکەی ئەمڕۆی (سێشەممە، 26-11-2024) نرخی زێڕ، 'بە ئەگەری زۆرەوە' بەرزبوونەوەیەکی کورتخایەنە، لەبەرئەوەی نرخی زێڕ دوێنێ رێژەی 3٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.
 
ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ راگرتنی شەڕ، دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕی 100 دۆلار دابەزاند و گەیاندییە نزیکەی 2617 دۆلار.
 
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە ساڵی داهاتوو وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە دەسەڵات دەگرێتەدەست، رایگەیاندووە پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا، مەکسیک و چین دا دەسەپێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی، کە لە ئەنجامدا بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
 
سەپاندنی پێناسی تووندی گومرگی لەلایەن ئەمریکا، کاریگەرییەکەی لەسەر نرخی زێڕ وەک شمشێرێکی دوو سەرەیە؛ لەلایەکەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمەیان دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ، لەلایەکی دیکەشەوە لەبەرئەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی بازرگانی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دروستدەکات، دەبێتە پاڵپشتی لە نرخی زێڕ، بەوپێیەی وەبەرهێنەران وەک بۆ وەبەرهێنانێکی سەلامەت پەنای بۆ دەبەن.
 
مات سیمسۆن، شرۆڤەکای سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (سیتی ئیندێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی دووشەممە، بەڵام لە رۆژی سێشەممەدا بازاڕی زێڕ خۆڕاگریی پێوەدیارە و زیاتر دانەبەزیوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، خواست بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕی بازرگانی، هەندێ پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە