سەرچاوەیەک لە بانکی TBI: فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەین

26-10-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە بانکی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکەن و رۆژانە 10 بۆ 15 کەس دەتوانن لێی سوودمەندبن.
 
ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم هەفتەیەدا فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی 1320 دینار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و دواتریش لە سلێمانی دەستپێدەکەین. سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە تەواو کردووە."
 
لەبارەی بڕی دۆلار و شێوازەکەی ئەو سەرچاوەیەی بانکی TBI گوتی، "بە شێوەیەکی گشتی، رۆژانە دەتوانین دۆلار بە نرخی فەرمی بە 10 بۆ 15 گەشتیار بدەین. ئەو ژمارەیە بەندە بەو بڕە دۆلارەی رۆژانە بانکی ناوەندی بۆمان دیاریدەکات؛ بۆ هەر گەشتیارێکیش تاوەکو 3000 دۆلار دیاریکراوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو مەرجانەی دیاریمان کردوون."
 
بانکی تی بی ئای مەرجەکانی بەم شێوەیە:
 
- پێویستە کەسەکە گەشتیار بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت.
- وڵاتینامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت.
- نابێت گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێت کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، سووریا و لوبنان.
 
سەرچاوەکەی بانکی تی بی ئای گوتیشی، "دوای ئەوەی گەشتیار چەند رۆژێکی کەم پێش گەشتەکەی ئەو بەڵگەنامە داواکراوانەی هێنایە نووسینگەی سەرەکیمان لە هەولێر و سلێمانی، بەگوێرەی ئەو بڕە دۆلارەی کە دەیەوێت دینارمان پێدەدات، ئێمەش پسووڵەیەکی پێدەدەین و دەتوانێت رۆژی گەشتەکەی لە نووسینگەکانمان لەنێو فڕۆکەخانەکان بڕە دۆلارە دیاریکراوەکەی وەربگرێت. بەڵام دەبێت هاووڵاتیان ئەوە بزانن، ئەو بڕە دۆلارە تەنیا بە گەشتیارانی فڕۆکەخانەکان دەدەین، نەک گەشتیاری دەروازە سنوورییەکان". 
 
سیامەند مەولود، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئێمە لە پێنجشەممەوە بازاڕمان داخراوە، بۆیە تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە و لەو باوەڕەشدا نیم ئاگادارمان بکەنەوە، چونکە ئەو پرۆسەیە ئاگادارکردنەوەی ئێمەی پێویست نییە و بانکی تی بی ئای خۆی رێکارەکان تەواودەکات."
 
رۆژی 01-07-2024 بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە 14ـی هەمان مانگەوە لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران، بەڵام بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی جێبەجێ نەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە