بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا بەرزترین ئاستی لە دوو ساڵدا تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا بەرزترین ئاستی لە نزیکەی دوو ساڵ تۆمار دەکات، بەوەش کاریگەریی زیاتر لەسەر بڕیاری رێژەی سوودی بانکی لەو وڵاتە دادەنێت.
 
نووسینگەی شیکاریی ئابووریی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا، کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە 4.9٪ گەشەی کردووە. ئەمە بەرزترین ئاستی گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکایە لەدوای چارەکی کۆتایی ساڵی 2021ـەوە.
 
لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا 2.1٪ گەشەی کردبوو. بەپێی راپۆرتی نووسینگەکە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی رێژەکە، زیادبوونی خەرجیی بەکاربەرانی ئەمریکایە و خەرجییەکانیان لە کەرتە جیاجیاکانی ئابووریی ئەمریکا زیادکردووە.
 
سەرەڕای کەمبوونەوەی کرێ، بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا پاڵنەرێکی سەرەکیی زیادبوونی خەرجییەکان بووە. بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی کاری ئەمریکا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی لە هەفتەی رابردوودا داوای بیمەی بێکارییان کردووە بە بڕی 10 هەزار کەس زیادبووە و گەیشتووەتە 210 هەزار کەس.
 
هاوکات، ئاماری کۆی بەرهەمی نێوخۆیی رەنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا لە مەودای کورتخایەندا نەبێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکاوە کە دۆخی دارایی شڵەژاندووە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 31ـی ئەم مانگە، لیژنەی بازاڕی کراوەی سەر بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و، رۆژی دواتر بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکییەوە ئاشکرا دەکات.
 
بەپێی گرووپی CME کە چاودێریی و خوێندنەوە بۆ بڕیار و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکات، پێشبینیی زاڵی بازاڕە داراییەکان ئەوەیە کە بانکەکە لە کۆبوونەوەی 1ـی مانگی داهاتوو، دەستکاریی رێژەی سوودی بانکی ناکات و وەک خۆی دەیهێڵێتەوە.
 
لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی زیادکردووە کە 10 جاریان لەسەریەک بووە و ئێستا رێژەکە لە نێوان 5.25٪ بۆ 5.50٪ـیە.
 
مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو و بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرایناوە، هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1٪ کە بەرزترین ئاست بوو لە 41 ساڵی رابردوودا.
 
لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، هەڵاوسان لەو وڵاتە بەراورد بە مانگی ئاب، بەجێگیری و لە 3.7٪ مایەوە. ئەوەش هێشتا لە سەروو ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە دەیەوێت 2٪ بێت.
 
هەفتەی رابردوو جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بەگشتی خۆشحاڵە لەبارەی گەشەی ئابووری و، گەشەی ئابووری و کەمبوونەوەی بێکاری ئەگەری سستیی ئابوورییان کەمکردووەتەوە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بە ئەگەرێکی بەهێز دادەنرا.
 
بە گوتەی پاوڵ، ئەگەر ئەم ئاڕاستەیە بەردەوام بێت، ئەوا رەنگە بوار بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بدات بتوانێت هەڵاوسان بۆ 2٪ کەمبکاتەوە بەبێ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە تووشی سستییەکی قووڵ ببێتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، بە بڕوای بەشێک لە ئابووریناسان، رەنگە لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا گەشەی ئابووریی ئەمریکا خاوببێتەوە، بەوپێیەی کارمەندانی سەندیکای ئۆتۆمبێلی ئەمریکا مانیان گرتووە و ملیۆنان خوێندکاری وڵاتەکەش قەرزەکانیان دەدەنەوە.