خۆپیشاندانەکانی عێراق ناردنی نەوتی ماڵانی بۆ کوردستان راگرتووە

26-10-2019
ژیوار عەبدولڕەحمان
نیشانەکردن نەوتی سپی
A+ A-
رووداو- سلێمانی

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە نەوتی سپی بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت "بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ناردنی نەوتەکە راگیراوە".
 
گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕی ئەو نەوتەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان دەگۆڕێت. هەر پارێزگایەک چەندی پێویستە داوایان کردووە و بە پێی داواکارییەکان بۆیان دەنێردرێت".
 
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان، نرخی نەوتی سپی بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک لە بازاڕەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوت بە نزیكەی 125 هەزار دینارە و لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوادا نرخەکان بەرزتر دەبنەوە، ئەوەش بارگرانی لەسەر شانی هاونیشتمانیان دروستدەکات.
 
ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، ئەگەر هەر ماڵێكیش سێ بەرمیل نەوت لە زستان بەكاربهێنن ئەوا بۆ تێپەڕبوونی زستان هەرێمی كوردستان پێویستی بە 750 ملیۆن لیتر نەوت دەبێت.

 

دوێنێ هەینی، خۆپیشاندان لە بەغدا و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق دەستیپێکردەوە کە بە یەکێک لە خوێناویترین رۆژەکانی خۆپیشاندانەکان لە عێراقدا دادەنرێت. جگە لە بەغدا لە زۆربەری پارێزگا شیعەنشینەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەرانیش جەخت لەوەدەکەنەوە کۆڵنادەن و بەردەوام دەبن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە