پەرلەمانتارێکی یەکێتی: بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە نووسینگە لە سلێمانی بکاتەوە

26-09-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن بانکی ناوەندیی عێراق سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، پارێزگاری بانکی ناوەندی رەزامەندی لەسەر کردنەوەی نووسینگەی بانکەکە لە سلێمانی دەرکردووە و لەگەڵ کردنەوەی نووسینگەکەش، هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە دەتوانن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەکو وەرگرتنی قەرز و پێشینە، سوودمەندبن.
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2023 بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی نووسینگەی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان دا و گوتی، "بانکی ناوەندی رەزامەندی داوە و ئەوەی ماوەتەوە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی خۆجێیی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
بڕیار رەشید دەڵێت "خزمەتگوزارییەکانی وەکو؛ پێدانی قەرز بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەند، پێشینەکانی خانووبەرە، هاوسەرگیری و چەندین خزمەتگوزاری دیکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەردەستن و هەرێمی کوردستان لەو خزمەتگوزارییانە بێبەشن."
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لە هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کردنەوەی نووسینگەی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان و ئەو گرفتانەش کرد کە بۆ بازرگانانی عێراق چارەسەر کراون، بەڵام بازرگانانی هەرێمی کوردستان هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن.
 
بڕیار رەشید گوتی "کردنەوەی نووسینگەی گۆڕینەوەی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بۆ هەرێمی کوردستان زۆر بە قورسی وەرگیرا و دواتر هەر جێبەجێ نەکرا، بازرگانانی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مامەڵەکانیان رایی بکەن، کێشەیان دێتە رێگە" و، پێیوایە؛ "کردنەوەی نووسینگەی بانکی ناوەندی لە سلێمانی سەرجەم ئەو کێشانە لە پارێزگاکە چارەسەر دەکات و هەموو ئەو ئاسانکارییانەی بۆ هاووڵاتییانی عێراق کراون، بۆ دانیشتووانی پارێزگای سلێمانیش بەردەست دەبن".
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت؛ "دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بۆمان دەرکەوت بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق نییە، بۆیە دوای گرتنەبەری رێکارەکان، رۆژی 22-08-2023 پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رەزامەندی کردنەوەی نووسینگەی بانکی ناوەندیی لە سلێمانی دەرکرد."
 
بڕیار رەشید دەشڵێت "لە سلێمانی، شوێن بۆ نووسینگەی بانکی ناوەندی دیاریکراوە و ئەوەی ماوەتەوە، دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی خۆجێیی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پەلە بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و دەستبەکاربوونی نووسینگەکە."

 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە