حكومەت بە GPS چاودێری گواستنەوەی بەنزین دەكات

رووداو - هەولێر

بە مەبەستی رێگری لە فرۆشتنەوەی بەنزین و دەستكاریكردنی جۆرەكەی لەلایەن خاوەن بەنزینخانەكانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری داوە لە رێگەی سیستەمی GPSەوە چاودێری بخاتە سەر گواستنەوەی بەنزین لە پاڵاوگەكانەوە بۆ بەنزینخانەكان. هەندێك لە خاوەن بەنزینخانەكانیش دان بەوەدا دەنێن كە ئەو بەنزینەی وەریدەگرن دابەشی ناكەن و بە بەنزینخانە گەورەكانی دەفرۆشنەوە.

سەرەڕای هەرزانبوونی نرخی بەنزین، بەڵام هەندێك لە شۆفێران هێشتا دڵنیا نین كە ئەو بڕیارە هەتا سەر بێت، چونكە دەرگای بەشێك لە بەنزینخانەكان داخراون و شوفێران دەبێت دەمێك بگەڕێن تاوەكو بەنزینخانەیەكیان دەستدەكەوێت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی سووتەمەنی، لە شاری هەولێر 245 بەنزینخانە هەن، 137یان بەنزینخانەی هاوچەرخن و 107 بەنزینخانەش بچووكن كە بەنزینخانەی مۆبایلیان پێدەگوترێ.

ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزین لە بەنزینخانەكان كە بەنزینی بێجی پێدەگوترێ، بە 500 دینارە و هیچ بەنزینخانەیەك بە زیاتر لەو نرخە ناتوانێ بیفرۆشێ. هەرچەندە خاوەن بەنزینخانەكان پابەندن بەو بڕیارە، بەڵام بەشێك لە بەنزینخانەكان بەشە بەنزینی خۆیان دابەش ناكەن و دەیفرۆشنەوە.

ئاراس ئەحمەد، شوفێری تاكسی دەڵێت چوار بەنزیخانە گەڕاوە كە هەر چواریان داخرابوون، ئاراس گوتی "زۆربەی بەنزینخانەكان داخراون، نازانم بەنزینیان نادەنێ یان خۆیان نایكەنەوە، ئەمڕۆ چوومەتە چوار بەنزینخانە بەنزینم دەستنەكەوتووە، ئەمە بوو ئەو هەرزانییەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و پارێزگاری هەولێر باسیان دەكرد؟".

بەڵام نزار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دابەشكردنی نەوتی هەولێر دەڵێت "بەنزینی پێویست بۆ بەنزینخانەكانی شاری هەولێر دابینكراوە و رۆژانە 2 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینمان داوەتە خاوەن بەنزینخانەكان بەنرخی 480 دینار، دەبێ بە نرخی 500 دینار بیفرۆشنەوە".

بەپێی زانیاری (رووداو) تاوەكو ئێستا 11 خاوەن بەنزینخانە بەهۆی سەرپێچی و نەكردنەوەی بەنزینخانەكانیان سزا دراون. خاوەن بەنزینخانەكان پاساوی خۆیان هەیە بۆ نەكردنەوەی بەنزینخانەكانیان، بەشێكیان دەڵین بەنزینێكی كەمیان پێدەدرێت، بەشێكی دیكەیان دەڵێن هەندێك بەنزینخانە هەموو رۆژێك بەنزینیان دەدرێتێ، بەڵام ئەوان دەبێ دوو رۆژ لە نۆرە بوەستن.

خاوەن بەنزینخانەیەك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی "بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی سووتەمەنی بڕێكی كەم بەنزینمان دەداتێ كە قازانجەكەی بەشی پارەی كارمەندانی بەنزینخانەكەم ناكات، بۆیە ئەو بەنزینەی وەریدەگرم دابەشی ناكەم، بەڵكو لیتری بە 490 دینار بە بەنزینخانەیەكی دیكە دەفرۆشمەوە".

مستەفا موسڵح، خاوەنی بەنزینخانە، نزیكەی دوو هەفتەیە بەنزینخانەكەی داخستووە، مستەفا دەڵێت "حكومەت 15 رۆژ جارێك تانكەرێكی 36 هەزار لیتریمان دەداتێ و بە دوو رۆژ تەواو دەبێت، كە دەچینەوە بۆ بەنزین دەڵێن نییە، ئەو بڕە بەنزینەش كە دەماندەنێ قازانجەكەی 600 هەزار دینارە و بەشی كرێی 15 رۆژی شاگردەكانمان ناكات".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، نزیكەی ملیۆنێك و 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەن. بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رۆژانە 5 ملیۆن لیتر بەنزین دەدەنە بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان كە تەنیا لە شاری هەولێر 2.5 ملیۆن لیتر بەنزین دابەش دەكەن.

سەبارەت بە فرۆشتنەوەی بەنزین لەلایەن خاوەن بەنزینخانەكانەوە هێرش حوسێن جێگری قایمقامی هەولێر دەڵێت "رێگاچارە بۆ ئەو بابەتە گیراوەتەبەر، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی نەوتی هەولێر بەدەیان ئۆتۆمبێلی دابینكردووە بۆ گواستنەوەی بەنزین لە پاڵاوگەكانەوە بۆ سەرجەم بەنزینخانەكان".

بە GPS چاودێرییان دەكەن

هەروەها نزار عەبدوڵڵا دەڵێت "پلانمان داناوە بۆ ئەوەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی نەوت بەنزین بۆ بەنزینخانەكان بگوازینەوە و لەڕێی سیستەمی GPSەوە چاودێرییان بخەینە سەر، ئەمەش گرنگە هەم بۆ پاراستنی كوالێتییەكە و هەمیش بۆ پاراستنی بڕی ئەو بەنزینەی بۆ بەنزینخانەكان دابین دەكرێ كە ناتوانن دەستكاری بكەن".

دابەشكردنی بەنزین بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و چاودێریكردنی بە سیستمی GPS بە تەنیا بەس نییە، بەڵكو لەلایەن لیژنەی چاودێری ئاشكرا و نهێنییەوە چاودێری بەنزینخانەكانیش دەكرێت، هەر بەنزینخانەیەكیش بەنزینخانەكەی نەكاتەوە سزا دەدرێت.

گازوایلیش هەرزان دەكرێت

سەرەڕای هەرزانبوونی بەنزین، بەڵام تاوەكو ئێستا نرخی نەوت و گازوایل هەر وەكو خۆیەتی. بەو پێیەی زۆربەی كاڵا و خواردەمەنییەكان بە ئۆتۆمبێلی گاز هاوردە دەكرێن یان دەگوازرێنەوە، هەرزانبوونی نرخی بەنزین كاریگەری لەسەر نرخی كاڵا و خواردەمەنی لە بازاڕدا دروست نەكردووە.

سەبارەت بە هەرزانكردنی نرخی گازوایلیش وەكو بەنزین، بەڕێوەبەری دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر دەڵێت "لە هەوڵی ئەوەداین گازیش لەناوخۆدا دابەش بكەین و نەهێڵین چیدی گاز لە دەرەوە هاوردە بكرێت".