نرخی نەوت 3% بەرزبووەوە

26-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بەرزبووەوە و نەوتی برێنت لە خوار 80 دۆلارەوە گەیشتە زیاتر لە 81 دۆلار.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 14 سەنت، یاخود 2.71٪ بەرزبووەوە. بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 2 دۆلار و 39 سەنت، یاخود 3.20٪ بەرزبووەوە. بەرمیلێک بە 77 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە حکومەتی لیبیا بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی بەهۆی داخستنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی راگەیاند.
 
حکومەتی بەنغازی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی لیبیای بەدەستەوەیە و لەسەر ئاستی جیهان دا دانی پێدانەنراوە، بەڵام زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی لیبیای بەدەستەوەیە.
 
کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی لیبیا و حکومەتی تەرابلس هێشتا هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
جیۆڤانی ستاونۆڤۆ، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە بانکی UBSـی سویسری دەڵێت، "گەورەترین مەترسیی سەر بازاڕی نەوت ئەگەری کەمبوونەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیایە بەهۆی گرژییە سیاسییەکانی وڵاتەکەوە. مەترسیش هەیە بەرهەمی نەوتی وڵاتەکە لە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیلی ئێستا بۆ سفر بەرمیل کەمببێتەوە".
 
هاوکات، پریانکا ساچدێڤا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان دەڵێت، وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاوەڕوانی کاردانەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکەن کە بەنیازە لە کۆتایی ئەم ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات.
 
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن. رۆژی یەکشەممە حیزبوڵای لوبنان بە سەدان موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەبەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی تووندی حیزبوڵای دایەوە.
 
نیگەرانی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت لە ئەگەری شەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیی، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
 
نرخی نەوت رۆژی هەینیش تاوەکو کاتی داخرانی بازاڕ لە بەرەبەیانیی شەممە بەڕێژەی 2٪ بەرزببووەوە دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند 'کاتی ئەوە هاتووە سوودی بانکی کەمبکرێتەوە.'
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی، دەتوانێت خواستی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە